پەکەکە چالاکییەکانی لە دژی سوپای تورکیا راگرت
رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتی 2023 چالاکییەکانی لە دژی سوپای تورکیا رادەگرێت.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە گەریلاکانی پەکەکە کرد، سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان دژی تورکیا لە هەموو ناوچەکان رابگرن.
پەیامە ڤیدیۆییەکەی جەمیل بایک، ماوەکەی 13 خولەک و 33 چرکەیە و رۆژی هەینی، 10-02-2023 لە رێگەی میدیاکانی پەکەکەوە بڵاوکراوەتەوە.
لە پەیامەکەیدا جەمیل بایک دەڵێت، "بوومەلەرزەکە رێگەی لەبەردەم کارەساتێکی گەورە کردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا و سووریا گەلی ئێمە لەنێو زەحمەتییەکی سەختدایە، بەتایبەت لەبەر سیاسەت و کارەکانی دەوڵەتی تورک، گەل زەحمەتیی زیاتر دەبینێت."
هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت، "هەستی کۆمەڵایەتی زۆر کاریگەریی لەسەر ئێمە دروستکرد، بۆیە بۆ ئەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە داوای لێخۆشبوونیان لە خودا بۆ دەخوازین و ئەوانەشی بریندار بوون چاکبوونەوە دەخوازین، ئێمە هەست بە ئازار و ناڕەحەتییەکانتان دەکەین."
لە بەشێکی قسەکانیدا جەمیل بایک هێرش دەکاتە سەر دەوڵەتی تورکیا و دەڵێت، "بەداخەوە بوومەلەرزە لە هەموو جیهان روودەدات، بەڵام زۆر وڵات ئاگاداریی پێشوەختە دەگرنەبەر بۆئەوەی رووخان کەم بێت و کوشتن کەمتر بێت، بەڵام تورکیا ئەوەی نەکردووە، بۆیە کارەساتەکە قورستر بووە."
هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سەرجەم چالاکییەکانیان لە دژی سوپای تورکیا رادەگرن "لەبەر ئەوەی ریز لە گەلان دەگرین و ئێمە ئازارەکان زیاد ناکەین و دوای ئەوەی رەوشەکانمان خەمڵاند، داوا لە هێزەکانمان دەکەین چالاکییە سەربازییەکانیان رابگرن تاوەکو ئەو کاتەی دەوڵەت هێرش نەکاتە سەرمان هیچ هێرشێک ناکەین، بۆئەوەی ئازارەکانمان کەم بکەین و برینەکان چارەسەر بکەن."
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی هەینی 10-02-2023، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندار بوون.