دوو منداڵی پێشمەرگەیەک 'تووشی شێرپەنجە بوون' و سیانی دیکەش نیشانەکان لێیان دەرکەوتووە
رووداو - هەریر
نەخۆشییەکی کوشندە یەخەی ماڵێکی گوندێکی دوورەدەستی سنووری هەریری گرتووە؛ مەجلیس و قسەی باوک لەگەڵ منداڵەکانی هەر باسی نەخۆشی و چارەسەرە. ئەو باوکە دوو لە منداڵەکانی هێزیان لەبەر بڕاوە و نیشانەکانی لە سێ منداڵی دیکەشی دەرکەوتوون.
عوسمان عەبدوڵڵا، باوکی پێنج منداڵی نەخۆش دەڵێت، "لە پێنج منداڵەکانم، دووانیان یەکلایی بوونەتەوە کە شێرپەنجەیانە؛ ئەوانی دیکەش بەهۆی خراپیی باری دارایی نەمتوانیوە سەردانی پزیشکیان پێ بکەم. نیشانەکانیان دروستبوونی گرێ و زێدە ئێسقانە لە جومگەکانیان و گەورەبوونی گرێیەکانە."
چیرۆکی تووشبوونی منداڵەکان هاوشێوەیە، سەرەتا گرێ لە قۆڵ و قاچیان دروست دەبن، دواتر گرێکان گەورە دەبن و دەبنە گرێی شێرپەنجەیی؛ ئازاری دەست و قاچیان هەیە، بەڵام هیوای چاکبوونەوەیان لەدەست نەداوە.
یەکێک لە نەخۆشەکان بەناوی سەفوان عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، کە دەڕوات بەردەبێتەوە، "پزیشک پێی گوتم، 100% باشتر دەبیت."
هێندەی لە توانای خێزانەکە بووبێت بۆ پشکنین و چارەسەر کردوویانە. دکتۆر مەڕوە رەشید، پزیشکی پسپۆڕی گرێ و شێرپەنجە دەڵێت، "کاتێک سیڤان هاتە لامان و فایلمان بۆ کردەوە، لە نانەکەلی لە قۆناخی چواری نەخۆشییەکەی بوو، کە کۆتا قۆناخی شێرپەنجەیە. لەو باوەڕەداین هەمان نەخۆشی بێت بۆ برا و خوشکەکانیشی و ئێستا ئەوانیشمان ناردووەتە پشکنین. پێدەچێت نەخۆشییەکەیان بۆماوەیی بێت و پێویستە بە بەردەوامی لەژێر چاودێریی پزیشکدا بن."
خاوەن ماڵ پێشمەرگەیە و سێ ساڵە دینار بە دیناری مووچەکەی لە چارەسەری منداڵەکانیدا خەرج کردووە و قەرزدارە.
بۆ داهاتوو چاوی لە دەستی خێرخوازانە بەهانایەوە بچن و پێش بە زەبری ئەو نەخۆشییە بگرن، کە هەموو هیواکانی ژیانی لەو ماڵە سەندووەتەوە.