وەزارەتی کارەبا: 300 مێگاوات کارەبا گەڕێندرایەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 300 مێگاوات کارەبا گەڕێندرایەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی. 
 
رۆژی شەممە، 09-12-2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پڕۆسەی چاکسازیی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای خەبات کۆتاییهات و وێستگەکە کەوتەکار و نزیکەی 300 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕایەوە، بەهۆیەوە ماوەکانی پێدانی کارەبا زیاتر بووە."
 
بە گوتەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، "وەزارەت پاش کوژانەوەی گشتیی کارەبا، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی پارێزگاکانەوە کۆمەڵە رێوشوێنێکی بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا گرتووەتەبەر."
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، تۆڕی گشتیی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کوژاوەیەوە و وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی کوردستان كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەتی كارەبا پاش چەند کاژێرێک کێشەکەیان چارەسەر كرد. 
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە؛ ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو کە 29ـی مانگی رابردوو کردبووی، لە 24 کاژێردا تەنیا سێ بۆ چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی لە هەندێک ناوچەی هەولێر هەیە؛ هەروەها لە سلێمانی نزیکەی 7 کاژێر؛ لە دهۆک 6 بۆ 7 کاژێر کارەبا هەیە و لە هەڵەبجەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە. 
 
بەگوێرەی دابەشکارییەک پشکی کارەبای پارێزگاکان دیاریکراوە و بڕەکە جیایە، بەشێوەیەک پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە 42.6٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستانی پێ دەدرێت؛ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە 33.1٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستانیان پێ دەدرێت؛ پارێزگای دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە 24.3٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستانی پێدەدرێت.