یەکێتیی مامۆستایان: ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین دەبێت یەکێتییەکە دابخەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر یەکێتی مامۆستایان هەڵبژاردن نەکات، دەبێت یەکێتییەکە دابخەین." گوتیشی: لایەنە سیاسییەکان پێشنیازیان کردووە 22ـی کانوونی دووەمی 2024 هەڵبژاردن بکرێت." جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش دەڵێت، "ئەگەر مامۆستایان بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، هەر کاتێک هەڵبژارد بکرێت ئێمە ئامادەین."
بڕیاربوو 3ـی ئەم مانگە یەکێتیی مامۆستایان هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی 13یەمین کۆنگرەی بکات، بەڵام نەتواندرا لەوکاتە هەڵبژاردن بکرێت.
رۆژی شەممە، 09-12-2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دەرەوەی یەکێتیی مامۆستایان، لایەنە سیاسییەکان رێککەوتن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک، بۆیە شکستمان هێنا لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئێستا دوو پێشنیاز هەن: یەکەم 22ـی کانوونی دووەم هەڵبژاردن بکرێت یاخود دوای بایکۆتی مامۆستایان کە پێشبینی دەکەم لە سەرەتاوە بایکۆت بۆ ئەوەبووە یەکێتی مامۆستایان هەڵبژاردن نەکات."
بە گوتەی ئەحمەد گەرمیانی، ئەوان وەکو پارتی ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەڵێت، "ئەگەر هەڵبژاردن نەکەن ئەوە دەبێت یەکێتییەکە دابخەین، چونکە کەوتووینەتە بۆشایی یاساییەوە."
یەکێتیی مامۆستایان 13 ساڵە کۆنگرەی نەکردووە، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوەکەی، دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکات. عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو کارێک کە دەکرێت دەبێت لە بارودۆخێکی ئاسایی بکرێت، ناکرێت بایکۆت هەیە و ناوەندەکانی خوێندن داخراون یەکێتیی مامۆستایان هەڵبژاردن بکەن."
بە گوتەی جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەوان هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوونە و سەرەتا پێشنیازیان کردووە 13ـی ئەیلوول هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دواتر رێککەوتنەکە لەسەر ئەوە کرا کە 3ـی 12 بکرێت.
عەبدولواحید محەممەد دەشڵێت، "دیاریکردنی 3ـی 12 بۆ هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان بە دیراسە بووە و هەموو لایەنەکان لەسەری رێککەوتبوون، بەڵام دواتر بارودۆخەکە گونجاو نەبوو بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان، هەر کاتێک بارودۆخەکە ئاسایی بوو و مامۆستایان گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و هیچ گرفتێکمان لەسەر کاتێکی دیاریکراو نییە."
یەکێتیی مامۆستایان لە ساڵی 1962 یەکەم کۆنگرەی بەست و ئێستا خاوەنی 81 هەزار ئەندامە و تاوەکو ئێستا 12 کۆنگرەی کردووە.