هێزهكانى توركیا لە گوندەکانی کانی ماسی دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی و ئاسمانی کرد
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی گوندی ئالیخانی سەر بە ناحیەی کانی ماسی لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەوینی سوپای تورکیا لە نزیک گوندەکەیان، هێزەکانی تورکیا رێگەیان پێنەداوە بچێتە نێو گوندەکەیان. گوندنشینێکی هەمان گوندیش دەڵێت: لە گوندەکەیان گیری خواردووە و ناتوانێت دەربچێت.
رۆژی هەینی 09-12-2022، محەممەد ئەمین، دانیشتووی گوندی ئالیخان لە ناحیەی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کە ئێستا لە گوندەکەیەتی بە تەلەفۆن بە رووداوی راگەیاند: ئێمه لهناو رهز و باخی خۆمان بووین، كاژێر 09:00 پێنج هەلیكۆپتهر هاتن و دهستیان به بۆردوومانکردنی كهلا بێتهنیرى و قورنیێ گهرێ له نزیک گوندەکەمان كرد، دواتر هێزیان دابەزاند و له كهلا بێتهنیرێ جێگیریان کردن.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بەردەوامە، ناو بەناو دەنگی چەکی سووک و مامناوەند لە نزیک گوندەکەیان دێت.
ئەو هاونیشتمانییە، کە ئێستا لە گوندەکەی گیری خواردووە و ناتوانێت دەربچێت، دەڵێت: دوو گولـلەتۆپ بە دووری تەنیا 600 مەتر لە نزیک گوندەکەیان کەوتوونەتە خوارەوە، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دروست کردوون.
محهممهد عهلى، كه ئهویش خهڵكى گوندى ئالیخانه بە نیاز بووە ئهمڕۆ بچێته گوندەکەیان به رووداوی راگهیاند: "كاژێر 09:30 خولەک بوو ئێمه له گوندى شمائیلا كه گوندێكى كریستیاننشینه تێپهڕین بۆ ئهوهى بچینه گوندەکەى خۆمان، بهڵام تورکیا خاڵێکی سەربازی لەسەر رێگە دانابوو، رێگەیان پێنەداین بچینەوە گوندەکەمان."
بهپێی زانیارییهكانى ئهو هاونیشتیمانییه كه ڤیدیۆی هێزەکانی تورکیای بۆ رووداو ناردووە، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تورکیا لە نزیک هەردوو گوندی تروانش و ئالیخان دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەوینی کردووە.
محەممەد عەلی دەڵێت: "نزیكهى 20 كهس له كهسوكارى ئێمه له ههردوو گوندى ئالیخان تروانشن، نازانین چۆن خۆمان بگهیێنینە لایان بە تایبەتی لە گوندی ئالیخان."
لە 17ی نیسانی ئەمساڵ، تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە ناوی (چنگ - قوفڵ) لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان کردووە. تاوەکو ئێستا هێزەکانیان لە 22 خاڵی ستراتیژی جێگیرکردووە.
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2022ش تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژەی لە نزیک گوندەکانی ئالیخان و تروانش کردبوو، دواتر هێزەکە ناوچەکەیان جێهێشتبوو.