عەدنان موفتی دوای وەرگرتنی خەڵاتی دەستپاک: گەندەڵی متمانە بە دەسەڵات و حکومەت کەمدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی گەندەڵییەوە متمانە بە حیزبەکانی دەسەڵات و حکومەت کەمدەبێتەوە. دەشڵێت: "بەبێ ئەوەی حکومەت قەناعەت بەوە بهێنێت پێویستە دژایەتی گەندەڵی بکات و هەنگاوی پێویستی بۆ بنێت، زەحمەتە ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت."
 
رۆژی هەینی 9-12-2022، عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کە خەڵاتی "دەستپاک"ی پێبەخشرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستیی دژایەتیکردنی گەندەڵی بێ سنوورە، لەبەر ئەوەی بەردەوامبوونی گەندەڵی بەردەوامیی نادادی زیاتر دەکات و خەڵکیش زیاتر نیگەران دەکات و گلەیی زیاتر دەبێت، هەروەها بەهۆی گەندەڵییەوە متمانە بە حیزبەکانی دەسەڵات و حکومەت کەمدەبێتەوە و ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی ناڕەزاییبوونی خەڵک و نەچوونیان بۆ دەنگدان."
 
عەدنان موفتی کە پێشتر چەندین پۆستی حکومی وەرگرتووە، ئاماژە بەوە دەدات، لە ساڵانی نەوەدەکاندا کە توانایەکی زۆری دارایی نەبوو گەندەڵی کەمتر بوو و خەڵک زیاتر ئومێدیان هەبوو و متمانە زۆرتر بوو، مامۆستایان و توێژەکانی دیکەش چەندین مانگ مووچەیان وەرنەگرت و دەوامیشیان دەکرد، بۆیە دەڵێت: "بەبێ ئەوەی حکومەت قەناعەت بەوە بکات پێویستە دژایەتی گەندەڵی بکات و هەنگاوی پێویستی بۆ بنێت ئەم دیاردەیە بنبڕ ناکرێت." 
 
رۆژی هەینی 9-12-2022، بەبۆنەی رۆژی جیهانی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، عەدنان موفتی هاوشان لەگەڵ پێنج کەسی دیکە لە دیداری "هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیدگای رێکخراوەکان" کە لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو خەڵاتی "دەستپاک"ـی پێبەخشرا.
 
رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە رۆژی 31ـی ئۆکتۆبەری 2003 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکرا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 9-12ـی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیاریکردووە، لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی کێشەی گەندەڵی و کاریگەرییەکەی لەسەر وڵاتان و مرۆڤایەتی و رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە لەلایەن وڵاتانی جیهان واژۆ کراوە و لە کانوونی یەکەمی 2005 چووە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
عەدنان موفتی لەبارەی خەڵاتکردنییەوە گوتی: "دیارە وەکو ئاماژەیان بۆ کرد و نووسیویانە خەڵاتەکە لەپای دەستپاکی ئێمە و بەکارنەهێنانی پۆست و پایەمان بووە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و بەرژەوەندیی کەسی و دژایەتی گەندەڵیشی کردووە، ئەمە بۆ من جێی شانازییە، ئەوانەی ئەو رێوڕەسمەیان رێکخست کارێکی باشیان کرد و دەبێت خەڵک تێبگات خەڵکانێک هەن بەدواداچوون بۆ گەندەڵی دەکەن."
 
هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی رووبەرووبونەوەی گەندەڵییە، ئەم خەڵاتکردنە باشە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە دژایەتی گەندەڵی دەکەن بزانن پاداشت دەکرێن و خەڵک باسیان دەکات؛ هەروەها ئومێدێکە بۆ ئەوەی ئەوانەی بەرپرسن لە رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی حکومەت و ئەوانی دیکەش وەکو داواکاری گشتی و پەرلەمان و دادگە و چاودێری دارایی کە بەرپرسن لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و دەبێت شەفافییەت بەرپا بکرێت."
 
عەدنان محەممەد رەشاد موفتی، ناسراو بە "عەدنان موفتی"، لەساڵی 1949 لە بنەماڵەیەکی ئاینیی شاری هەولێر لەدایکبووە و بەکالۆریۆسی لە زانستی ژمێریاری بەدەستهێناوە.
 
لەساڵی 1963 پەیوەندیی بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و لە ساڵانی 1971 تاوەکو 1974 لێپرسراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان بووە لە زانکۆی موستەنسرییەی بەغدا، لە ساڵی 1974 پەیوەندیی بەشۆڕشەوە کردووە.
 
عەدنان موفتی لە ساڵی 1999 پۆستی وەزیری شارەوانیی و دواتریش دارایی و ئابووریی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و دواتریش بووەتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە 4ی حوزەیرانی 2005 بووە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی، ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانێت.