لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری: زیاتر لە 60 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە خۆیان تۆمارکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای سێ رۆژ لە کارابوونی ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ بوون بە کارمەندی بژمێر، لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری دەڵێت، وادەی پێشکێشکردنی فۆرمی گرێبەستی کارمەندانی سەرژمێری کۆتایی هاتووە و زیاتر لە 60 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان خۆیان تۆمارکردووە.
 
کارزان رەزا، سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو وادەی پێشکێشکردنی فۆرمی ئۆنلاینی خۆتۆمارکردن بۆ بوون بە کارمەندی بژمێر لە سەرژمێری کۆتاییهات و لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوەکان بڵاو دەکرێنەوە."
 
کارزان رەزا گوتی، "زیاتر لە 60 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە رێگەی فۆرمە ئۆنلاینەکەوە خۆیان تۆمار کردووە. بڕیاریشمان وایە کە تەنیا دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا وەردەگیرێن."
 
لەبارەی مەرج و رێکاری وەرگرتنیان، سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری دەڵێت، "بەگوێرەی پێویستیی شوێنی جوگرافی، واتە لەو شوێنەی کە تێیدا هاونیشتمانی فۆرمی پێشکێش کردووە، لایەنی جێبەجێکاری سەرژمێری پێویستی بە چەند کارمەندی بژمێر بێت ئەوەندە هەڵدەبژێرن."
 
بە گوتەی کارزان رەزا، "بۆ هەر یەکێک لەو کارمەندانە، تاوەکو کۆتایی هاتنی پڕۆسەکە مانگانە 250 هەزار دینار وەکو مووچە دەدرێت."
 
کارەکانی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو؛ لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، زیاتر لە 94%ی کارەکانى قۆناخى پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمى کوردستان و لە عێراقیش زیاتر 98%ى تەواو بووە.
 
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.