لە هەرێمی کوردستان راهێنان بە 17 هەزار کەس دەکرێت بۆ سەرژمێری
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 1000 کەس، لە خولی راهێنەران بۆ پرۆسەی سەرژمێری، ئامادەدەکرێن بۆ سەرپەرشتیی تیمەکان و بژمێرەکانی سەرژمێری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
تەنیا هەفتەیەک ماوە بۆ کاری مەیدانی و دەبێ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 16ـی مانگ نزیکەی 17 هەزار بژمێر ئامادەبکات.
وردبینی بۆ تیروپشکی ناوی بژمێران دەستیپێکردووە و دەبێ بە پەلە تاوەکو دوو رۆژی دیکە، ناوەکانیان رابگەیێندرێت؛ 13ـی مانگ دەست بە خولی راهێنان بکەن.
بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئامادەکارییەکانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە مانگێگ درەنگتر دەستیانپێکرد، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی بەرچاوڕوونی نەبوو لەوەی پرۆسەکە لەکاتی خۆی بەڕێوەدەچێت یان دوادەخرێت، بۆیە ئێستا کە بڕیارە لەکاتی خۆی دا بەڕێوەبچێت، هەموو ئامادەکارییەکان چڕکراونەتەوە، دەبێ تاوەکو 16ـی ئەم مانگە سەرجەم تیم و بژمێرەکان ئامادەبن.
16ـی تشرینی دووەم کاری مەیدانی دەستپێدەکات، بژمێرەکان ماڵ بە ماڵ و شەقام بە شەقام زانیارییەکان وەردەگرن، وەڵامی 70 پرسیار لە فۆڕمەکانیان تۆماردەکەن، 20 و 21 مانگ زانیارییەکان پشتڕاستدەکرێنەوە، لە دوای کاژێر 12:00ـی شەوی 21 ـی مانگ، هیچ کەسێک تۆمار ناکرێت.
لەگەڵ ئامادەکردنی کارمەندان، هێشتا پرۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازی سەرژمێرییەکەی 20-11-2024 بەردەوامە. لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول، لە هەرێمی کوردستانیش لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد. دەبێ تاوەکو دوو رۆژی دیکە ئەو پرۆسەیەش تەواوبێت.