کاروباری کۆمەڵایەتی: ساڵی نوێ قەرزی بچووک بە 25 پڕۆژە دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی نوێ قەرزی بچووک لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشانەوە بە 25 پڕۆژە دەدرێت. 
 
رۆژی، 25-09-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی گەشانەوە راگەیاند، کە تایبەتە بەپێدانی قەرز بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لە هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بە هاوکاری لەگەڵ بانکی جیهان جێبەجێ دەکرێت. هەر ئەوکات وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لینکێکی ئۆنڵاینیان بڵاوکردەوە و داوایان لە هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک پێویستی بە قەرزە فۆرم پڕبکاتەوە و لە قۆناخی یەکەم 25 پڕۆژە هەڵدەبژێدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-11-2023 ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ناونووسین بۆ پێدانی قەرز لە 22ـی مانگی رابردووەوە تەواو بووە و ئێستا سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی ئامارەکانن بۆ ئەوەی بە دیاریکراوی بزانن چەند کەس بە ئۆنڵاین فۆرمی پڕکردووەتەوە و لە قۆناخی یەکەم 40 پڕۆژە دیاریدەکرێت.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەو 40 کەسە لە سەرەتا تەنیا 25 پڕۆژەیان قەرزیان پێدەدرێت و ئەوانی دیکە وەکو یەدەگ دەبن بۆ ئەوەی دوای وردبینی لە 25 پڕۆژەکە هەر پڕۆژەیەک گرفتێکی هەبوو پڕۆژەی یەدەگ هەبێت. 
 
ئارام ئەنوەر دەڵێت، "جیاکردنەوەی پڕۆژەکان نزیکەی شەش هەفتەی پێدەچێت و لەم ماوەیە سەرقاڵی ئەو بابەتە دەبین و پێدانی قەرز بەو 25 پڕۆژە دەکەوێتە ساڵی نوێوە."
 
هەر پڕۆژەیەک دوای پەسندکردنی 150 ملیۆن دیناری بەشێوەی قەرز پێدەدرێت. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە قەرز بە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند دەدرێت، پڕۆژەی پێدانی قەرزی بچووک لە مانگی ئابی 2011ـەوە دەستیپێکرد و لە 11-1-2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا، کە زیاتر لە هەشت هەزار و 666 کەس لە قەرزی بچووک سوودمەندبوون، 86 ملیار و 650 ملیۆن دراوەتە ئەو گەنجانەی پڕۆژەیان هەبووە. 
 
مەرجەکانی پێدانی قەرزی بە خاوەن پڕۆژەکان:
 
- پێویستە هاووڵاتیی کوردستانی بێت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵ بێت.
 
- نابێت لە هیچ دەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرابێت.
 
- پێویستە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا، بزنسەکە بە لایەنی کەمەوە 12 مانگ کاری کردبێت.
 
- دەبێت شوێنی بزنسەکە لە هەرێمی کوردستان بێت.
 
- پێویستە بزنسەکە کەمتر لە 100 کارمەندی هەبێت.
 
- دەبێت کارەکەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت و ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN)ی هەبێت.
 
- ئەگەر بزنسە کشتوکاڵییەکە لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان تۆمارنەکراوە، پێویستە ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN) بەدەست بهێنیت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
 
- تەنیا یەک جار دەتوانیت داواکاری پێشکێش بکەیت.