رێبوار تاڵەبانی: تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک پاک نییە و خەڵکی نامۆی تێدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەند ساڵە کە هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە هۆکارەکەی نەبوونی تۆمارێکی پاکی دەنگدەران بووە. دەشڵێت، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هەمیشە تێبینی خەڵکی نامۆ کراوە.
 
رۆژی 01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە
 
رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "یەکێک لەو هۆکارانەی چەند ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە نەبوونی تۆمارێکی پاکی دەنگدەرانە، کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیشدا هەمیشە تێبینی لەسەر بووە بەوەی خەڵکی نامۆی تێدایە، هەر ئەوەش وایکردبوو کەس بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک رازی نەبێت، هەر بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئەم هەڵبژاردنەش ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت".
 
رێبوار تاڵەبانی بۆچوونی وایە، "دەبوو دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرایەتەوە و لایەنە کوردییەکان جەختیان لە تۆمارێکی پاکی دەنگدەران بکردایەتەوە، کۆمەڵێک خەڵک هێنراونەتە کەرکووک کە خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین، هەڵبژاردن لە شارێکدا دۆخەکەی ئاسایی نەکرابێتەوە سەرکەوتوو نابێت، ئەو نائاساییبوونەی دۆخی کەرکووک دژی مادەکانی دەستوورە".
 
بە گوتەی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی 2014ـەوە، 500 هەزار خێزانی ئاوارەی تکریت، ئەنبار، فەلوجە و مووسڵ هاتوونەتە کەرکووک و لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەریشەوە ئیدارەی کەرکووک ئەوانەی بە فەرمی کرد، بەڵام ئێستا کە بڕیاری هەڵبژاردن دراوە دەبێت هەمووان هەوڵی ئەوە بدەن دۆخی کەرکووک بە ئاراستەیەکی باشدا ببرێت و پێگەی کورد بەهێز بکرێت.
 
رێبوار تاڵەبانی چوونە نێو هەڵبژاردنی کەرکووک بە قومار دەچوێنێت و دەڵێت، "چوونە نێو هەڵبژاردنی کەرکووک هاوشێوەی قومارێکە کە نازانین ئەنجامەکەی چی دەبێت، بۆیە دەبێت حیزبەکان ململانێکانیان لە کەرکووک بەلاوە بنێن و کار بۆ سەرخستنی کورد لە کەرکووک بکەن، ئەگەر حیزبەکان واز لە ململانێکانیان بهێنن ئەگەری هەیە کورد بتوانێت پارێزگار بگەڕێنێتەوە بۆ کورد".
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتیش بۆ کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی گوتی، "نەبوونی پارتی لە کەرکووک بۆشایی دروستکردبوو، هەر بۆیە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک هەنگاوێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد لە پارێزگاکە دەبێت، کاریگەریشی لەسەر زیادکردنی دەنگی کورد لە پارێزگاکە دەبێت".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.