لە رانیە دەستبەسەر 85 کیلۆگرام کریستاڵدا دەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رایگەیاند، لە دەڤەری راپەڕین دەستیان بەسەر 85 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە. بەرپرسێکی دژەتیرۆریش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: "سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوام دەبن."
 
شەوی 8-10-2022، رائید هێمن سەلام، بەرپرسی دژەتیرۆر لە دەڤەری راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای لیکۆڵینەوەیەکی ورد هێزەکانیان توانییان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا بگرن کە 85 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵی تێدابووە، هەروەها سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
 
شەوی رابردوو جموجووڵی سەربازیی لەنێو شاری رانیە هەستپێکراوە و ژمارەیەک زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی دژەتیرۆر چوونەتە نێو قەزاکە. هەژار محمد ئاوەژێی، بەرپرسی ئاسایشی دەڤەری راپەڕین لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا دیارنییە ئەوانەی دەستگیرکران تەنیا ئەو سێ کەسەن یان خەڵکی دیکەش دەستگیرکراون، ئەو چالاکییە برادەرانی دژەتیرۆر کردوویانە و ئەوان دواتر زانیاریی وردتر لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو."
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرایکردووە کە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 999 کەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دراونەتە دادگەکان، 682 تۆمەتباریان لەلایەن دادگەوە سزادراون و 338 تۆمەتباری دیکەشیان دوای تەواوبوونی سزاکانیان ئازادکراون، 45 تۆمەتباری دیکەش بە دەستەبەری (کەفالەت) ئازادکراون.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، 132 کیلۆگرام و 729 گرام بووە، هەروەها ئەو دەرمانی پزیشکییە هۆشبەرانەیش دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە "282 شیت و 136 پاکەت."
 
دوای یەکلاییبوونەوەی کەیسەکان، هەزار و 230 کیلۆگرام و 950 گرام ماددەی هۆشبەر، 22 هەزار و 886 شیت حەبی هۆشبەر، هەزار و یەک دانە شرووب و هەزار و 280 دانە دەرزیی هۆشبەر بوون.