فستقی باکووری کوردستان زیاتر هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەرزی چنینەوەی فستقی سوور لە باکووری کوردستان دەستیپێکردووە و جووتیاران بەرهەمەکانیان دەبەنە کارگەکانی فستق بۆ وشککردنەوە و سوورکردنەوەیان. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکە دا دەردەکەوێت، کارگەیەکی فستقە لە پارێزگای دیلۆک. بەرهەمی فستقی ئەم ساڵ زۆرە، بۆیە کارگەکان شەو و رۆژ کاردەکەن.
 
ئەحمەد دەمیر، خاوەنی کارگەی فستقە و دەڵێت: "لەبەرئەوەی فستقی ئەم ساڵ زۆرە، کارمان زۆرە. دەتوانین بڵێین ئێمە بۆ ماوەی سێ هەفتە و زیاتر لە سێ هەفتە کارێکی یەکجار زۆر دەکەین".
 
دوای ئەوەی توێکڵی فستقەکان لێدەکرێتەوە و سووردەکرێتەوە، فستقەکە دەخرێتە نێو گوێنی و رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێ. جووتیارانیش فستقەکانیان لە بازاڕدا دەفرۆشن.
 
ئەحمەد دەمیر دەشڵێت: "کاتێک دێتە ئێرە، لە مەنجەڵی سوورکردنەوەدا سووریان دەکەینەوە. دواتر بۆ ماوەی دوو رۆژ لەبەر خۆر دایدەنێین. دوای ئەوە لە بێژنگی دەدەین و دەیدەینە بەر با، فستقە پڕ و بەتاڵەکان جیا دەکەینەوە و لە نێو گوێنیدا دەیدەینەوە بە خاوەنەکانیان".
 
95٪ ـی فستق لە باکووری کوردستان و 5٪ ـی لە شارەکانی تورکیا بەرهەم دەهێنرێت. هەرچەندە بەهۆی کەرتی پیشەسازییەوە فستق بە ناوی عەنتاب ناسراوە، بەڵام مێژووی داری فستق لە پارێزگای رووها کۆنترە. 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، ساڵی 2023 لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیا 34٪ ـی فستق لە پارێزگای رووها، 31٪ لە پارێزگای دیلۆک، 18.5٪ لە پارێزگای سێرت و 4.3٪ لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان بەرهەمهێندراون. فستقی باکووری کوردستان زیاتر هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە کە رێژەکەی 13.5٪ ـە و 13.2٪ ـی بۆ ئەڵمانیا هەناردە کراوە.