وردەکاریی خنکانی سێ کەس لە زێی گەورە لە سنووری پارێزگای هەولێر

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری قەزای خەبات لە سێ شوێنی جیاوازدا سێ کەس لە زێی گەورەدا خنکان. 
 
سەردار ئیسماعیل، لە تیمی ژێر ئاویی بەرگریی شارستانیی خەبات دەڵێت، "لە کاژێر 4:00ی پاش نیوەڕۆ پەیوەندییان پێوەکردین کە لە گوندی زەنگەر هاونیشتیمانییەک خنکاوە و تیمەکانمان هاتوون و لە گەڕان بەردەوامن، تەرمێکیشمان لە کەورگۆسک دۆزییەوە و تیمەکانمان لە گوندی مەنداوە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکانی دیکەدا."
 
یەکێک لە خنکاوەکان ناوی رۆکان عەبدولباقییە، کچێکی تەمەن 17 ساڵ و دانیشتووی دارەشەکران بووە؛ خنکاوی دووەم نامیق جەبار، تەمەنی 40 ساڵە و دانیشووی شاوێس بووە و خنکاوی سێیەم عەبدولسەلام سەباح، تەمەن 13 ساڵ دانیشتووی گەڕەکی مامزاوای هەولێر بووە.
 
عەبدولسەلام لەگەڵ باوک، مام و دوو براکەی بۆ مەلەکردن روویان لە رووبارەکە کردبوو. عەبدوسەلام بۆ خۆی مەلەی نەزانیوە و زۆر نەچووەتە قووڵایی ئاوەکە، بەڵام کاتێک دەبینێ کە براکانی لە ناوەندی ئاوەکە خەریکن بخێنکێن، دەچێت تا یارمەتییان بدات بەڵام بۆخۆی دەخنکێت.
 
یوسف شاکر، مامی عەبدولسەلامە، باسی ساتی رووداوەکە دەکات و لە شوێنی رووداوی خنکانەکە بە رووداوی گوت، "ئێمە لێرە مەلەوانیمان دەکرد، سێ برازام بوون، یەکێکیان پێی کەوتە خوارێ و ژێرئاو کەوت، برا گەورەکەی لە دوای ئەو چوو و برا بچووکەکەی کە عەبدولسەلام بوو بەدوای ئەودا رۆیشت. ئێرە زۆر قووڵ نەبوو بەس لەولا حەفارە لێیدابوو و ئێمە نەمانزانیبوو، پێشتر چەند جار هاتبووین و تووشی رووداوی وانەببووین."
 
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لە رۆژی هەینی 8ـی ئەیلوول، تەرمی عەبدولسەلام و نامیق جەبار نەدۆزرایەوە. بەگوێرەی ئامارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی رابردوو، 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئاودا خنکاون.