لە مووش پێنج کەس لە دەریاچەیەکدا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان پێنج کەس، کە چواریان کچ بوون، لە کاتی مەلەکردن لە دەریاچەدا خنکان.
پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئاب، هەریەک لە یاسین کاراکای تەمەن 18 ساڵ، ئەدانور کاراکای تەمەن 20 ساڵ، رەبیعە کاراکای تەمەن 13 ساڵ، فاتمە کاراکای تەمەن 22 ساڵ و ئەیلول تەکین ـی تەمەن 15 ساڵ بۆ مەلەکردن چوونە نێو دەریاچەی ئاڵپئارسلان و دوای ماوەیەک دیار نەمان.
تیمەکانی فریاگوزاری ئافاد رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان لە دەریاچەکەدا دەستیپێکرد. هەروەها لە پارێزگاکانی ئامەد و وان تیم رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لەئەنجامی گەڕانەکەدا، تەرمی یاسین کاراکای، ئەدانور کاراکای، رەبیعە کاراکای و ئەیلول تەکین لە دەریاچەکە دەرهێنراون و بۆ پشکنین رەوانەی نەخۆشخانەی دەوڵەت کران لە مووش.
هەوڵەکانی گەڕان تا درەنگی شەو بەردەوام بوو. تیمەکان توانییان تەرمی فاتمە کاراکایش بدۆزنەوە و دەریبهێنن.
عەونی چاکر پارێزگاری مووش سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند، پێنج گەنج بۆ خۆفێنککردنەوە چوونەتە نێو ئاوی دەریاچەکە.
چاکر ئاماژەی بەوەدا، بەبڕیاری پارێزگار چوونە نێو بەنداو و گۆلەکان قەدەخە کراوە و ئەوانەی مەلە نازانن نابێ بچنە نێو رووبار و بەنداو و گۆلەکانەوە.