ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کۆدەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 09-08-2023، ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەت بۆ بەغدا تایبەت بە گەڵاڵەکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گازی حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیێندراوەکە هاتووە، رەشنووسی پەیڕەوی (سندووقی چاودێری و شیاندنی کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان) لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2011 دەخرێتەڕوو.
رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکە هاتووە، "کۆبوونەوەکە باسی لە گرنگی و ئامانجەکانی یاسای نەوت و گاز و پێویستیی تەواوکردنی لە زووترین ماوەدا بە بەشداریی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد و چەند راسپاردەیەک دەرکران."
یەکێک لەو راسپاردانەی کە لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە دەرکران پێکهێنانی لیژنەکانی بەدواداچوونی ئەو بابەتە و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر، دووەم؛ کاخەزێکی تایبەتی کارکردن لە رێگەی ئەو لیژنانەوە لەسەر بنچینەی ئەو تێڕوانینەی لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت ئامادەبکرێت لە رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەکانی پێشوو کراون بە مەبەستی تاوتوێکردنیان لە رێگەی ئەو لیژنانە تاوەکو گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەسەرى لە پەرلەمان پەسندنەکران.
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوت بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.