رێژەی لەدایکبوون لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان 4.1٪ کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی تۆماری شارستانیی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری لەدایکبوونی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا لەو پارێزگایەدا 7 هەزار و 273 منداڵ لەدایکبوون، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 4.1٪ دابەزیوە.
عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری شارستانیی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە کۆی گشتیی ئەو منداڵانەی لەدایکبوون، سێ هەزار و 739 کەسیان کوڕ و 3 هەزار و 534 کەسیان کچن، لەو ژمارەیەش 125 دووانە و 4 سییانە لەدایکبوون.
بەگوتەی عەلی جۆکار، بەپێی ئامارەکانی ئەمساڵ بە تێکڕا رۆژانە 59 منداڵ و مانگانەش هەزار و 818 منداڵ لە سنووری پارێزگای سنە لەدایکبوون.
ئاماژەشی بە ئاماری لەدایکبوونی ساڵی رابردوو لەو پارێزگایە کرد و گوتی، ساڵی رابردوو 22 هەزار و 489 منداڵ لەدایکبوون، 16 هەزار و 792ـیان لە شارەکان و 5 هەزار و 697ـیشان لە گوندەکان.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری مەدەنیی پارێزگای سنە هەروەها رایگەیاند، بەپێی ئامارەکانیان ساڵی رابردوو 11 هەزار و 635 منداڵی کوڕ و 10 هەزار و 854 منداڵی کچ لەدایکبوون.