سۆران عومەر: دەبێت زانیاریی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان ناوی دایک و رۆژی لەدایکبوونی تێدابێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر وردبینی تەواو بێت و گۆڕانکاری لە لیستەکان نەکرێتەوە، ئەو لیستە دەبێتە بنەمایەکی باش بۆ مانگەکانی داهاتوو.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەی چاودێریی دارایی دەگاتە هەرێمی کوردستان و دەست بە کارەکانی دەکات. هۆکاری دواکەوتنی وردبینییەکە پێنەدانی زانیارییەکان بووە بە دیوانی چاودێری دارایی عێراق."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "بەغدا داوای کردووە ئەو لیستەی بۆیان دەنێردرێت ناوی هەر کارمەندێک، ناوی دایک، پلە، رۆژی لەدایکبوون و رۆژی دامەزراندنی تێدا بێت، هاوشێوەی لیستی مووچەی فەرمانبەران."
عێراق تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران پەسندنەکردووە، بەڵام پێشنیازێک خراوەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی کە بێ چارەسەرکردنی تێبینییەکانی وەزارەتەکە، ئەو دوو مووچەیە خەرج بکات.
سۆران عومەر گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی نوێی خستووەتە نێو هێزی ئەمنییەوە و بەردەوامیشە لە دامەزراندن. ئەگەر وردبینی لیستەکە تەواو بێت، مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت و دواتریش لیستی مووچەی مانگی شەش دەنێردرێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکاری لیستەکان نەکات و دامەزراندن نەکات کە نابێت بیکات، وردبینییەکە هاوشێوەی فەرمانبەرانی مەدەنی تێدەپەڕیت. نابێت هەرێمی کوردستان بیانوو بە بەغدا بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر گوتی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کردووە و تێبینی نییە، بەڵام عێراق بڕوا بەوە نەکات."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمە، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی رابردوو کە ناردوویەتی پڕە لە هەڵە. وەزارەتی دارایی دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت لەسەر ئەوەی دوای 9 کابینە سیستمێکی ژمێریاری دروستی نییە."
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد: "دوو راپۆرتی رابردووی چاودێریی دارایی عێراق دەڵێن هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی ژمێریاری و کارگێڕی نییە. باس لەوەکراوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنیا بەرنامەیەکی ئێکسڵی هەیە کە خەرجی و داهاتی تێدایە؛ نزیکەی 9 شوێنی خانەنشینکردن هەن کە هیچ کامیان سەر بە وەزارەتی دارایی نین؛ یەکەکانی 70 و 80 هێزی پێشمەرگە لیستیان لای وەزارەتی دارایی نییە؛ یەکەکانی 70 و 80 خۆیان پێشمەرگە خانەنشین دەکەن."