وەزیری بازرگانی: داوامان لە کەرتی تایبەت کردووە 100 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕنەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوایان لە کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو کردووە 100 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕن، ئەو داواکارییەش بە کۆنووسێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە و تەنیا رەزامەندی ئەوان ماوە.
 
کەمال موسیلم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی رابردوو ئەندامانی لێژنەی باڵای تایبەت بە دیاریکردنی بەهای گەنم لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ هەردوو کۆمپانیا قەیوان و خۆشناو کۆبووینەوە، لەو کۆبوونەوەیە بڕیاردرا هەردوو کۆمپانیا 100 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بکڕن."
 
لەبارەی نرخی کڕینی گەنمی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو، وەزیری بازرگانی گوتی: "بڕیارە تۆنێک گەنمی جووتیاران بە 700 هەزار دینار بکڕن."
 
کەمال موسلیم گوتیشی: "بڕیاری لیژنەی تایبەتمەند کراوە بە کۆنووس و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەیزران کراوە و بڕیارێکی ئەوانی پێویستە دوای ئەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
ساڵی رابردوو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ کە لە 27ـی ئایارەوە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکرد، بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی حکومەتی عێراق سنووری داناوە و دەڵێت: تەنیا 500 هەزار تۆن و هەر تۆنێکیش بە 850 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی جووتیارانی لێکەوتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بەشێک لە گەنمی جووتیاران بە کەرتی تایبەت بفرۆشن. 
 
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تاوەکو رۆژی هەینی 07-07-2023 لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 113 هەزار تۆن، لە هەولێر زیاتر لە 114 هەزار تۆن و لە سلێمانی زیاتر لە 217 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.