بەڕێوەبەری پێشووی پیشەسازیی سنە: ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان بە وەبەرهێنان دابین دەکرێت نەک بە تۆپ و تانک
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پێشووی پیشەسازیی پارێزگای سنە دەڵێ، رۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی پێوەرەکانی گەشەسەندن، ناوچەیەکی "پشتگوێخراوە" و تاوەکو روانگەی خەڵک و حکومەت بۆ پەرەسەندن نەگۆڕێت، "گەشە ناکات."
د. سەید هاشم هیدایەتی، بەڕێوەبەری پێشووی پیشەسازیی پارێزگای سنە دەڵێ: ئەم پارێزگایە لەنێو 31 پارێزگای ئێران بۆ پەرەسەندن پلەی 29یەمینی هەیە و حکومەتیش ستراتژییەکی بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە نییە.
بە گوتەی د. سەید هاشم هیدایەتی، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا خەڵک کولتووری سەرمایەگوزاریی نییە و حکومەتیش بە بیانووی نەبوونی ئەمنییەت لە ناوچەکە، وەبەرهێنانی تێدا ناکات.
سەیدهاشم هیدایەتی دکتۆرای لە بواری بەڕێوەبەریی ستراتیژیدا هەیە، مامۆستای زانکۆیە و پێشتر ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی پیشەسازی و کانگاکانی تاران بووە، لە دەیەی 90ـی سەدەی رابردووی زایینییدا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی و هەرەوەزی پارێزگای سنە بووە.
دەقی هەڤپەیڤینی د. سەیدهاشم هیدایەتی، بەڕێوەبەری پێشووی پیشەسازیی پارێزگای سنە لەگەڵ رووداو:
رووداو: ئاستی پشتگوێخراوی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت پارێزگای سنە کە خۆت بەرپرسیارێتیت هەبووە و شارەزایی زیاترت هەیە، لە چ ئاستێک دایە؟ ئەوەی کە دەگوترێ پشتگوێخراوە یان پەرەسەندوو نییە، دروستە؟
سەیدهاشم هیدایەتی: بەڵێ، ئەوە راستە، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە بواری پەرەسەندن و گەشانەوە پارێزگای سنە و ناوچە کوردییەکانی ئێران بەپێی پێوەرەکان پەرەیان نەسەندووە.
رووداو: باسی پێوەرەکانت کرد، پێوەرەکانی ناوچەیەکی پەرەسەندوو چین؟
سەیدهاشم هیدایەتی: ئەو پێوەرانەی کەوا لە بواری ئابوورییەوە باس دەکرێن، یەکیان بابەتی هەلیکارە، ئەوەی کە خەڵک ئیش و کاریان هەبێت، یەکی دیکەیان داهاتی تاکەکەسە، واتە ئەو داهاتەی خەڵکی کوردەواری و ناوچەی کوردستان لە ساڵێکدا دەستیان دەکەوێت، ئەم داهاتەش لەسەر هەموو خەڵک دابەش دەکرێت و ئەمەش داهاتی تاکەکەسی پێدەگوترێت. داهاتی تاکەکەس و هەلیکار دوو پێوەری زۆر گرنگن. هەروەها لەڕووی سەرمایەگوزارییەوە، واتە چەندە پارە خەرجکراوە.
رووداو: لەبواری رێگاوبان و کارگە و...
سەیدهاشم هیدایەتی: ئەوانە ژێرخانەکانن، کارەبا، ئاو، رێگا، فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسن ئەوانە ژێرخانن. بەڵام کە باسی بواری ئابووری دەکرێ، مەبەست ئەو بڕە سەرمایەیە کە هاتووە و بۆ کارگەی بەرهەمهێن، بۆ کشتوکاڵ، بۆ خزمەتگوزارییەکان و لە بواری تەکنەلۆژیادا (کە لە چ ئاستێک دایە) خەرج کراوە، ئەگەر ئەمە لەگەڵ 30 پارێزگای دیکەی ئێراندا بەراورد بکەین، بۆ نموونە ئەگەر 30 ساڵ لەمەوبەر پارێزگای سنە لەنێو 20 پارێزگادا پلەی 18یەمینی هەبووە، ئێستاش لەنێو 31 پارێزگاکەدا پلەی 29یەمینی هەیە.
رووداو: بۆچی وایە؟ کێشە و رێگرییەکان چین؟
سەیدهاشم هیدایەتی: کێشەکان یەکیان ئەوەیە، کە دیارینەکراوە لە 30 یان 50 ساڵی داهاتوودا کوردستان دەبێت بە چ ئاستێک بگات کە ئێمە بەشێوەیەکی رێژەیی پێی رازی بین. شتێکی ئەوتۆمان نییە، واتە شتەکان رۆژانەن، واتە ئەگەر ساڵانە بودجەیەک دیاریی بکرێت، یان پلانی 5 ساڵی نیشتمانیی هەیە (پلانی پەرەسەندنی وڵات لە ماوەی پێنج ساڵدا) تێیدا ئاماژە نەدراوە کە ئێستا کوردستان لە چ ئاستێکدایە و دواتر دەمانەوێ بگاتە چ ئاستێک. بەرپرسی نییە، حکومەت هەر ئەو پلانەی بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەیە، بۆ پارێزگای سنەشی هەیە.
رووداو: باس لە بێنەوبەردەی ئیدارییی زۆر دەکرێ و هەروەها دەگوترێ لە دامودەزگە حکومییەکاندا ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنەران ناکرێت، ئەمە وایە؟ ئەمە وادەکات سەرمایەگوزار پاشگەز بکاتەوە؟
سەیدهاشم هیدایەتی: ئەو بیرۆکراسییەی لە ئێراندا زاڵە، یەکێک لە بەربەستەکانە. بەڵام بەربەستی زۆرمان هەیە، یەکێک لەوان بانکەکانە. بانکەکان بەگوێرەی پێویست یارمەتی بە گەشەکردن ناکەن.
رووداو: واتە قەرزی بانکی دەبێت بدەن، بەڵام نایدەن؟
سەیدهاشم هیدایەتی: دەبێت بیدەن، لە هەموو جیهاندا هەر وایە.
رووداو: بۆ نایدەن؟
سەیدهاشم هیدایەتی: کێشەی ئەوە ریشەییە.
رووداو: بانکەکان متمانە ناکەن پارەکانیان بۆ بگەڕێتەوە؟
سەیدهاشم هیدایەتی: دەزانی چۆنە، وەک شتێکی دوو لایەنەیە، ئاوای بڵێم، بانک قەرز بە پیشەسازێک دەدات، پیشەسازەکەش کارێک دەستپێدەکات، بەڵام قەرزی بانکییەکە کورت دێنێت و بەشی ناکات، ئەمەش بۆ هەڵاوسانی بەرزی ئێران دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە بڕیارە 100 ملیۆن تمەنی پێبدەن، تاوەکو ئەم 100 ملیۆن تمەنە خەرج دەکات، تێچووی کارەکەی دەبێتە 150 ملیۆن تمەن، بەڵام چیدیکە بانک قەرز بە وەبەرهێنەر نادات، وەبەرهێنەریش ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە، کە چوار پێنج قست لەسەر یەک کۆبێتەوە، سزای دێتەسەر، ئەمە بەردەوام روودەدات.
رووداو: باسی هۆکاری دیکەشت کرد کە بووەتە هۆی پەرەنەسەندوویی، ئەوانی دیکە چی بوون؟
سەیدهاشم هیدایەتی: یەکیان بواری بەڕێوەبەرییە کە باسم کرد، واتە حکومەت دەیەوێ بە تەنیا پێشی بخات، بەڵام بە تەنیا ناکرێ. لە هەموو جیهاندا کەرتی تایبەت و خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان وێڕای حکومەت و بەهاوکاریی یەکتر دەتوانن گەشە بە دۆخەکە بدەن.
رووداو: ویستم ئەوە بپرسم، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ نموونە کۆمەڵێک پرۆژە هەن و حکومەت بودجەیان بۆ دابین دەکات، ئاخۆ پەرەسەندن لەم رێگەیەوە دەکرێ یان حکومەت بوار بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی سەرمایەدار وەبەرهێنان بکات و بەمجۆرە پەرەسەندن بێتە ئاراوە؟
سەیدهاشم هیدایەتی: بۆ گەشە و پەرەسەندن، لە هەموو جیهاندا هەر بەمشێوەیە بووە، یەکەم شت کەوا پێویستە، کولتوورە. واتە لەڕووی هەڵسوکەوتەوە خەڵک، حکومەت، دامەزراوە مەدەنییەکان و NGOکان هەمووان پێکەوە "کولتووری کار"مان هەبێت. کولتووری کار پێداویستیی تایبەتی خۆی هەیە. ئێمە لەڕووی کولتوورییەوە لاوازین، لە باری هزری و زەینییەوە ئامادەیی هەبێت. دەبێت تەمبەڵی بەلاوە بنرێت و قەزاوقەدەر بەلاوە بنرێت. لەو رووەوە کە ئێمە پێمان وابێت چارەنووس و قەزاوقەدەرە، ئەمە وانییە، هەر کەس بەشی دراوە، پرسی قانع بوونە، واتە هەندێ شتە کەوا لەنێو کولتووری ئێمە دایە، بۆ نموونە دەڵێن "پارە چڵکی دەستە" یان "سەرمایەدار خوێنمژە"، ئەمانە هەموو لەڕووی کولتوورییەوە کاریگەریی دەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەنی حکومییەوە، لە ماوەی ئەو 44 ساڵە و پێشتریش سەلمێنراوە، بۆ نموونە لە ساڵی 1948ـەوە لە ئێراندا پلانی گەشە و پەرەپێدان دانراوە، سەلمێنراوە کە سەرکەوتوو نەبووە، هۆکاری ئەمەش پرسەکانی پەیوەندیدار بە نەوتە یان وەڵام نەدانەوەی سیستمە. واتە کارکردنی حکومەت لاوازە، لەڕووی کولتووریشەوە خەڵکیش هەروەها. رەنگە سەرنجڕاکێش بێت بۆت، زۆر لە سەرمایەدارانی کورد ئامادەنین لە کوردەواریدا سەرمایەگوزاری بکەن، دەچن لە ئیسفەهان و مەشهەد سەرمایەگوزاریی دەکەن.
رووداو: بۆچی؟
سەیدهاشم هیدایەتی: دەڵێ لە ناوچەکەی خۆمدا پشتیوانیم لێناکرێت، یان خەڵک دەمبینن و لەبەرچاوی خەڵکم. ئەگەر وەبەرهێنەر هەندێ پارە و سەرمایەکەی زیاد بکات. خەڵک بەجۆرێک سەیری دەکەن، کە ئاخۆ ئەوە دزە!
رووداو: ئینجا بەڕاستی پشتیوانیان لێناکرێ لەلایەن حکومەتەوە؟
سەیدهاشم هیدایەتی: لە ناوچە سنوورییەکاندا بە داخەوە. لە ئێراندا یەکێک لە کەموکوڕییەکان ئەوەیە، ناوچەی سنووریی و ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان بە سەرمایە دابین دەکرێت، بە تۆپ و تانک ناکرێت، دەبێت بە سەرمایە و رەخساندنی هەلیکار بێت، دەبێت بە ئیش و کار بێت. هەر ئەو شتەی کەوا لە (شاری) بانە روویدا. بانە لەڕووی پەرەسەندوویی و گەشەوە، بەهۆی بازاڕچە سنوورییەکەیەوە، پێموایە ئەمن و ئاسایشی لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی دیکە زیاترە – ئەگەر لە روانگەی حکومیشەوە سەیری بکەین. ئەو روانگەیە دەبێت بگۆڕدرێت. من سەردەمێک بەڕێوەبەری گشتیی "تەعاون" بووم، پرۆژەمان لە بانە هەبوو کەوا ئەوکات 500 ملیۆن تمەنی تێدەچوو، پرۆژەیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ ترێ رەشەکەی بانە، بەداخەوە گوتیان چونکە ناوچەی سنوورییە، بە قازانج نییە ئەو هەموو سەرمایەیە لەوێ خەرج بکرێت. واتە ئەوە روانگەیەکی ئەمنیی رەقەئامێری (Hardware)یە، ئەمە دەبێت بگۆڕدرێت، دەبێت، بڵێن ئەگەر دەمانەوێ خەڵک ئارام و رازیبن، دەبێت لەوێ ئیش و کار هەبێت، کوردێک ناچار نەبێت بۆ ئیش بچێت بۆ تاران، ئیسفەهان و باکووری ئێران، بەڵکو لە ناوچەکەی خۆیدا کاربکات.