پۆلیسی گەرمیان: پیاوێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
شەوی هەینی پیاوێک لە قەزای کەلار کوژرا و پۆلیسی قەزاکە دەڵێت، بە چەقۆ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە. لەسەر تاوانەکەش، هاوژینەکەی و دوو کەسی دیکە دەستگیرکراون.
پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو تەرمێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار کە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە بووە. تیمەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان کرد و چەقۆکەیان دۆزییەوە کە تاوانەکەی پێ کرابوو.
دوای لێکۆڵینەوەکانیان، پۆلیس سێ تۆمەتباری لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە کە هاوژین و کچی کوژراوەکە و برایەکی هاوژینەکەین.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: هاوژینی ئەو پیاوە ناوی (ئـ. ع. ف) بووە و لەدایکبووی 1981ـە. دانی بەوەدا ناوە کە "لەگەڵ هاوژینەکەی کێشەی هەبووە و دوای ئەوەی بووەتە شەڕیان، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتوویەتی."
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (زێدان حەمید مەجید) بووە و لەدایکبووی 1975 بووە، پیشەی پێشمەرگە بووە و باوکی پێنج منداڵ بووە.
تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری دادوەر و ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندکراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
دراوسێیەکی کوژراوەکە لەبارەی ئەو خێزانە حەوت کەسییە بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''نزیکەی هەفتەیەک دەبێت هاتوون بۆ ئەم گەڕەکە و کەس بە رووداوەکەی نەزانیوە تاوەکو ئەم نیوەڕۆیە؛ گوێمان لە هیچ دەمەقاڵەیەکیش نەبووە.''