باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق: هێرشەکەی سەر هەولێر دەسەڵاتی دەوڵەت کەمدەکاتەوە


رووداو هەولێر 

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە شەوی چوارشەممە لەڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر هەولێر و رایگەیاند، "ئەو هێرشانە دەسەڵاتی دەوڵەت کەمدەکەنەوە و هەڕەشەیە لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی گەلی عێراق."
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-6-2022، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییەی کە کاژیر 9:35ـی شەوی چوارشەممە 8-6-2022  کرایە سەر رێگەی هەولێر- پیرمام، بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە شەوی رابردوو کرایە سەر هەولێر و بووە هۆی برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵەکانیان و جەخت دەکاتەوە ئەو هێرشە هەڕەمەکییانە شوێنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نابێتەوە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی گەلی عێراق دەکات."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هەڵوێستی وڵاتەکەی نیشاندەدات و دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لەسەر پابەندبوون بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بەرەو ئامانجە هاوبەشەکەمان کە خۆی لە عێراقێکی ئاسایش و سەقامگیر و گەشەکردووی دیموکراسی دەبینێتەوە."
 
شەوی چوارشەممە، 8-6-2022، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە هەولێر کەوتەخوارەوە و بووە هۆی برینداربوونی سێ کەس و زیانگەیاندن بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و خواردنگەیەک، ئەو رووداوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرکۆنەکرا و یۆنامیش داوای بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی کرد.
 
لەماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا 12 جار هێرشکراوەتە سەر شاری هەولێر و دەورووبەری. دوایینجار کە بە درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر لە 11ـی ئەیلوولی 2021 بوو، هێرشەکەش بۆسەر فڕۆکەخانەی هەولێر بوو، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە.