تیمی یەکێتی لە حکومەت کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش خرایە رۆژی یەکشەممە
رووداو دیجیتاڵ
تیمی یەکێتی لە حکومەت، لە شاری سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دواخراوە بۆ یەکشەممە بۆ ئەوەی تیمی یەکێتیش بەشدار بن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 09-05-2023) لە ئەندامێکی تیمی یەکێتی لە حکومەت دەستیکەوتووە، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ تیمی یەکێتی لە حکومەت لە سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبنەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەندامەی تیمی یەکێتی لە حکومەت، کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی یەکشەممە دواخراوە تاوەکو تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشدار بن.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەم ئێوارەیە، ئەندامەکەی تیمی یەکێتی گوتی "کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆ و بڕیاردان لەسەر پێشنیاز و داخوازییەکانی تیمی یەکێتی، کە ئەو داخوازییانە پێشتریش بە نووسراو و یاداشت درابوونە ئەنجوومەنی وەزیران و تیمی وەزاری پارتی و سەرۆکوەزیرانیش".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژانی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، بەڵام کۆبوونەوەکەی بەیانی ناکرێت و دوادەخرێت بۆ یەکشەممەی داهاتوو. سەبارەت بە بەشداریکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکە، ئەندامەکەی تیمی یەکێتی گوتی "لە کۆبوونەوەکەی ئەم ئێوارەیە، بڕیار دەدەین بەشداری کۆبوونەوەکەی یەکشەممە دەکەین، یان نا".
دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، رۆژی دووشەممە 09-05-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسی "خۆشحاڵبووم کە ئەمڕۆ میوانداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانم کرد بۆ نیوەڕۆخوانێک... بە گیانی گفتوگۆی بنیاتنەر و کراوە، پرسەکانی نێو حکومەتمان تاوتوێکردن و لەسەر رێگەکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، رێککەوتین".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانیش دوێنێ لە تویتێکدا نووسی "ئەمڕۆ، نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو...ئێمە یەکگرتووین بەو بیروباوەڕەی کە دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکانماندا زاڵبین، بەرەو باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییەکانمان کاربکەین و بە رووی ئەو هەڕەشە زۆرانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بە بەهێزی بمێنینەوە".
رۆژی 15-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێموایە کێشەکان ئەوەندە گەورە نین کە چارەسەر نەکرێن، پێموایە دەبێت تیمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بگەڕێتەوە نێو حکومەت، ئەگەر هەر کێشەیەک هەیە دەتوانن لەناو حکومەت قسەی لەسەر بکەن و بۆ هەموو کێشەکان چارەسەر دابنێن، لە دەرەوەی حکومەت هیچ ئەرێنی نییە؛ دەبێت بگەڕێنەوە بۆ حکومەت و دەتوانین لەوێ کێشەکان چارەسەر بکەین".