چیرۆکی ئەو ژنەی دوو ساڵە شێرپەنجە خستوویەتییە سەر قەرەوێڵە؛ 'چارەسەری لە هیندستانە'

رووداو دیجیتاڵ  

ژنێکی نەخۆش لە گوندێکی سنووری رواندز ماوەی دوو ساڵە لەنێو چوار دیواری ژوورێکدا لەسەر پشتە و لەسەر قەرەوێڵەیەک لەگەڵ ئازارەکانی، ژیان بەڕێدەکات.
 
شەهێن محەممەد، تەمەنی 33 ساڵە و دایکی سێ منداڵە، دوو ساڵ پێش ئێستا، ئازارێک لە بڕبڕەی پشتی و سەردانی بۆ لای دکتۆر، راستیی نەخۆشییەکی کوشندەیان بۆ دەرخست کە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بوو لە بەشی زۆری جەستەیدا.
 
شەهێن محەممەد، بەمشێوەیە باسی چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەکات: دوو ساڵە نەخۆشیی شێرپەنجەم گرتووە، لە هەموو ژیان بووم، لە خواردن لە خەو لە دانیشتن و لەهەموو شتێک. جاری وا هەبووە بە هەفتە ئاگام لە منداڵی خۆم نەبووە. داوا لە خێرخوازان دەکەم یارمەتیم بدەن تاوەکو بگەڕێمەوە نێو ماڵ و منداڵی خۆم و، هەستمەوە سەر پێیەکانم، هیچی دیکەم ناوێت.
 
دۆخی دارایی خێزانەکەی شەهێن، خراپە؛ هاوسەری پێشمەرگەیە و هەژاری و نەداری وای کردووە چەندین جار دەرمان و چارەسەرییەکانیان دوابخەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر شوێنێکیان شک بردبێت بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی، سەردانیان کردووە.
 
تاهیر ئیبراهیم، خاڵی شەهێنە و دەڵێ "ئێمە وەکو کەسوکاری شەهێن هەرچی پێمان کرابێت، کردوومانە؛ سەردانی هەولێر و سلێمانی و هەموو شوێنێکمان پێ کردووە، هەر پزیشکێک گوتبێتیان باشە چووینەتە لای، هیچ سوودی نەبینیوە و رۆژ بۆ رۆژ دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت."
 
دوایین هەواڵی خۆش کە بەم نەخۆشە دراوە، پێیان گوتووە 'چارەسەرت لە وڵاتی هیندستان هەیە.' بەڵام تێچووی زۆر بۆ گەیشتنی بە هیندستان و نەبوونی پارە، دەستەوەستانی کردوون. 
 
دکتۆر سۆران زراری، پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو لەبارەی نەخۆشییەکەی شەهێنەوە دەڵێ "چارەسەری هەیە بێگومان، زۆر گرنگە پابەندبێت بە رێنماییەکانی دکتۆر، چارەسەرییەکانی هەندێک گرانن و هەندێکیشی لە دەرەوەی وڵاتن، هەندێکیشی لە نێوخۆی کوردستان دەکرێت کە حکومەت دەرمانەکان دابین دەکات." 
 
دوورەدەستی و درەنگگەیشتن بە نەخۆشخانەکان، خەمێکی دیکەی ئەو خێزانەیە، بەو پێیەی هەردوو شەو جارێک دەبێت بۆ دەرکردنی ئاو لە سنگی، ئەم نەخۆشە ببەن بۆ سۆران، لەکاتێکدا خۆیان دانیشتووی گوندێکی سەر بە رواندزن.