لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە دیلۆک دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە نۆی نیسانی 2023 لەسەر رێگەی سەرەکی دیلۆک-کیلیس روویدا.
کەسێک بە ناوی "یونس ئەمرە تابو" ئۆتۆمبێلەکەی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا و دواتریش لە ماتۆڕسکیلێکی داوە کە خاوەنەکەی ناوی "حەبیب کڵچ" بووە.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا هەردوو شۆفێرەکە بە ناوەکانی یونس و حەبیب لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شۆفێری ماتۆرسکیلەکە فەرمانبەری پۆلیس بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کیلیس.
بریندارەکان بە ئەمبیوڵانس گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی کیلیس و دیلۆک، بەڵام لەبارەی دۆخی تەندروستییان هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی رابردوو 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون. لە کۆی 485 هەزار و 48 رووداوەکەی هاتووچۆ 56 هەزار و 861یان لە باکووری کوردستان روویانداوە و لە ئەنجامدا 372 کەس گیانیان لەدەستداوە.