بەرپرسێکی کرماشان: هەناردەمان لە دەروازەی پەروێزخانەوە 262٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
عەبدولواحید محەممەدی، جێگری رێکخەری کاروباری ئابووریی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی شەممە، رایگەیاند، قەبارەی هەناردەیان لە دەروازەی پەروێزخانەوە لە 11 مانگی رابردوودا 262٪ زیادیکردووە.
دەروازەی پەروێزخان کرماشان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی پارێزگای سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە.
بە گوێرەی میدیای ئێرانی، ئەو کاڵایانەی لە یازدە مانگی رابردوودا لە کرماشانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون، لە رووی بەهاوە، 19٪ زیادیانکردووە.
محەممەدی رایگەیاند: "دەروازەی سنووریی پەروێزخان وەک نێوەندێکی گواستنەوەی ئێران، لە گەشەدایە، بە جۆرێک کە هەناردەی دەرەوە لەو دەروازەیەوە 262٪ زیادیکردوو و گەیشتە 3 ملیۆن و 492 هەزار تۆن لە ساڵی ئێستای ئێرانیدا (ساڵی هەتاوی)، بەوەش بووە دووەم گرنگترین دەروازەی ئێران."
رۆژانە، تێکڕا 650 بارهەڵگر بە پەروێزخاندا دەربازدەبن. هەندێ رۆژیش ژمارەیان لە نێوان 900 بۆ هەزار دایە.
هەرێمی کوردستان و عێراق داوایان کردووە ژمارەیان بۆ هەزار و 500 بارهەڵگر زیادبکرێت، کە بەجێهێنانی ئەوە، لە چاوەڕوانیی نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و رێگەکانی دەروازەکەدایە.