لە باکووری کوردستان و تورکیا دەست بەسەر زیاتر لە یەک تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا کە دژی بەرهەمهێنەران و بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە 48 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کراوە، 242 کەس دەستبەسەرکران و دەستیش بەسەر زیاتر لە یەک تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رۆژی هەینی 09ـی شوباتی 2024، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە 48 پارێزگا کرا، دەست بەسەر یەک تۆن و 39 کیلۆ مادەی هۆشبەر و 509 هەزار حەبی هۆشبەردا گیرا. هەروەها 242 تۆمەتباریش دەستبەسەرکراون.
ئۆپەراسیۆنەکە لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، ئەوانیش پارێزگاکانی ئامەد، بەدلیس، مەڵەتی، وان، دیلۆک، چەولیگ، ئەرزینجان و رووها بوون.
لەم ساڵانەی دواییدا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیادبووندایە.
مانگانە چەندین گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن، ژمارەیەکیان بیانین و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن.
بە گوتەی عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانی تورکیا، ساڵی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، نزیکەی 12 تۆن مادەی هۆشبەر لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەستی بەسەردا گیراوە.