عێراق کەمپی ئاوارەکان دادەخات و هەر خێزانێک بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی 4 ملیۆن دیناری پێدەدات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە سەرانسەری وڵات دابخات و ئاوارەکانیش سەرپشک دەکات کە لە هەر پارێزگایەک دەیانەوێت نیشتەجێبن، هەر خێزانێکی ئاوارەش گەڕانەوە بۆ زێدیان هەڵبژێرن چوار ملیۆن دیناریان پێدەدات.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، پێویستە دۆسیەی ئاوارەکان لە هەموو پارێزگاکان دابخرێت، بڕیارەکە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
تیمەکانی لقی هەولێری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەرقاڵی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی عێراقن، کە تاوەکو 30-7-2024، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان دابخرێن.
حکومەتی عێراق ئاوارەکانی سەرپشک کردووە، ئەگەر ناگەڕێنەوە زێدی خۆشیان، دەتوانن لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق یان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێبن.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە دۆسیەی ئاوارەکان دابخرێت، ئەوانەی گەڕانەوە هەڵدەبژێرن راستەوخۆ چوار ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەدا ئامێرە کارەباییەکان وەک ساردکەرەوە، تەلەفزیۆن و ئەو جۆرە ئامێرانەیان پێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەدا دامەزراندن هەیە، 2%ـی ئەو رێژەیەی لە نەینەوا دادەمەزرێن بۆ گەڕاوەکانە"
تیمی رووداو چوونە ماڵی حاجی قاسم، ئەو دژی داخستنی کەمپەکانە و نایەوێت بگەڕێتەوە رۆژئاوای نەینەوا، چونکە خۆی و 61 کەس لە کوڕ، کچ و نەوەکانی هیچ خانوویەک نیە تێیدا نیشتەجێبن.
قاسم خدر دەڵێت، "نامەوێت بگەڕێینەوە، خزمەتگوزارییمان نییە، لەوێ ماڵمان نییە، هیچمان نییە، ئێستا سێ بۆ چوار ملیۆن دینارمان دەدەنێ، باشە چی پێ بکەین، ئاسنی پێ بهێنین یان بلۆک یان چیمەنتۆ چی پێ بکڕین؟ سوپاس بۆ خوا ئێمە خێزانێکی زۆرین"
هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا رایگەیاندووە، لەگەڵ گەڕاندنەوەی بەزۆرەملێی ئاوارەکان نین، بەڵکو پشتگیری گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەکەن.
هەیفا حەسەن، ئاوارەیەکی دیکەیە لەبارەی داخستنی کەمپەکەیانەوە گوتی، "لێرە دەرناچین، بەڕاستی نامانەوێ لێرە بڕۆین، چونکە سەرچاوەی داهاتمان نییە."
سەید ئەحمەد محەممەد، ئاوارەیەوە دەڵێت، "خانووەکەم وێران بووە، پێویستە دەوڵەت بە ماڵێکی تەواو قەرەبوومان بکاتەوە، یان پارەی خانوویەک بدەن بە ئاوارە، یان خانوویەکی بۆ دروست بکەن."
لەکاتی شەڕی داعش ، زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار کەس لە پارێزگا سونییەکانی عێراق، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 631 هەزار ئاوارەی عێراق ماون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 158،000 یان، کە دەکاتە 33% ـی ئاوارەکان، لە کەمپەکاندا دەژین.