بوومەلەرزە لە پارێزگایەکی باکووری کوردستان روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 17:01 خولەکی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ روویدا. سەرچاوەی بوومەلەرزەکە لە ناوچەی مەرەقە سەر بە ئازەربایجانی رۆژهەڵات بووە لە ئێران. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 5.44 کیلۆمەتر تۆمارکراوە. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی پارێزگای مەڕەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.