لە کەرکووک دوو کرێکار کەوتنە نێو بیری ئاوەڕۆ و گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک دوو کرێکار لە کاتی کارکردنیان لە پڕۆژەی کۆمەڵگەی برایەتی سیتی، کەوتنە نێو بیری ئاوەڕۆی پڕۆژەکە و گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، سامان یابە عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک شەقامی بازنەیی کەرکووک، دوو کرێکار لە کاتی کارکردنیان لە پڕۆژەی کۆمەڵگەی برایەتی سیتی، کەوتنە نێو بیری ئاوەڕۆی پڕۆژەکە و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا."
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت: "ئەو دوو کرێکارە بەناوەکانی، فەهمی حەمەد عەلی، لەدایکبووی 1983 و دانیشتووی چەمچەماڵە و کرێکارەکەی دیکەش، ناوی گەیلان یوونسە، لەدایکبووی 1993یـە و دانیشتووی گەڕەکی سەر رێگەی کەرکووک – بەغدایە."
بە گوتەی سامان یابە، "تەرمی دوو کرێکارەکە رەوانەی دادپزیشکی کراون و توێکارییان بۆ دەکرێت، بە ئەگەری زۆریش مردنیان بە خنکان بووە لە نێو بیری ئاوەڕۆکەدا."