کشتوکاڵی هەڵەبجە: حکومەتی عێراق رێگە بە هاوردەکردنی نەمامی زەیتوون نادات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بۆ زەیتوون گونجاوە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگە بە هاوردەکردنی نەمامی زەیتوون نادات، ئەمەش لە زەرەری جووتیارانە.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی ئەو باخە زەیتوونانەی لە هەرێمی کوردستان هەن جۆری زەیتوونەکانیان بۆ رۆن دەستنادات، چونکە بڕی رۆنیان کەمە، بەڵام بەهۆی رێگری حکومەتی عێراق لە هاوردەکردنی نەمامی زەیتوون ناتوانن گۆڕانکاری لە جۆریی دار زەیتوونەکان بکەن".
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 20 باخی زەیتوون هەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا: "ئەگەر حکومەتی عێراق رێگە بدات، سووریا خاوەنی چەندین جۆری زەیتوونە کە دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستان سوودی زۆریان لێببینرێت، چونکە زەیتوونەکانیان بەرهەمی رۆنی زۆرە."
ستار مەحموود باسی لەوە کرد، پێشتر جووتیارانی هەڵەبجە زانیاری زۆریان لەسەر زەیتوون نەبوو، ئێستا کە کارگەی رۆنی زەیتوون کراوەتەوە لە هەڵەبجە و شارەکانی دیکە، جووتیاران گرنگیی زیاتر بە بەرهەمهێنانی زەیتوون دەدەن.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی 7 کارگە، لە وەرزی پێگەیشتنیدا رۆژانە نزیکەی 800 تۆن زەیتوون لە باخەوانانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و دەکرێتە رۆن.
جگە لەو ناوچانەی کە ساردن، تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ چاندنی زەیتوون شیاوە. نزیکەی 1350 باخەوانیش لە بوای زەیتووندا کار دەکەن.