ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: دەمانەوێت هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەت بین


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خراپە و دەبێت بە زوویی حکومەت پێکبهێندرێت، کاری لە پێشینەی حکومەتی نوێش، چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کۆکردنەوەی نێو ماڵی کورد بێت.
 
لە 7ـی ئەم مانگەوە، شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر پرسی لێکتێگەیشتنی ئەو دوو حیزبە بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 رۆژانە لە هەولێر کۆدەبنەوە. 
 
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی رووداو رایگەیاند، کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ چڕبوونەتەوە، "هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات کابینەیەکی خزمەتگوزار پێکبهێندرێت کە تێیدا بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ خزمەتگوزاری جێبەجێ بکات، سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرێت و کاربکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان".
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا لە مانگی ئۆکتۆبەری 2024، پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسیی بەدەستهێنا کە یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە بوون. نەوەی نوێش سێیەم دەنگ بوو.
 
پۆڵا سیروان تاڵەبانی دەڵێت، "پێمان خۆشە ئەو حکومەتەی پێکدەهێندرێت، خەڵك پشتیوانی لێ بکات و خۆیان بە خاوەنی بزانن، حکومەتیش کێشە و گیروگرفتەکان چارەسەر بکات".
 
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادقە و دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح ئەندامین. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیمە.
 
لەبارەی داواکاریی یەکێتی بۆ بەشدارییەکی راستەقینە لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی حیزبەکە گوتی، ئەوان دەیانەوێت لە حکومەتدا بەشداریی کارایشیان هەبێت و هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەت بن. گوتی، "لە رابردوودا هاوبەشیی نێوانمان وەک پێویست نەبووە، ئەمجارە جەخت دەکەینەوە لەسەر رێککەوتن و پڕۆژەی پێکهێنانی حکومەت."
 
بە گوتەی پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەوان دەیانەوێت شەریک بن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی حکومەت، "نابێت بە قسە شەریک بین و لە بڕیاردان و بەڕێوەبردندا رۆڵمان نەبێت."
 
کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرد. شاندی لایەنە براوەکانیش سەردانی لایەنەکانیان کردووە بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت. 
 
تاوەکو ئێستا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندووە کە بەشداریی حکومەت ناکات و کۆمەڵی ئیسلامیش گوتوویەتی ناچێتە پەرلەمان. 
 
پۆڵا سیروان تاڵەبانی دەڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، چونکە دۆخی خەڵک خراپە و رووداوەکانی ناوچەکە کاریگەرییان هەیە لەسەرمان."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی حیزبەکەی و گوتی، "بەرنامە و ستراتیژی حکومەت، لە پۆستەکان گرنگترە بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکان، ئێستا لەم قۆناخەدا کاردەکەین بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەیەکی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، بۆ کارەکانی حکومەت، دواتر گفتوگۆ دەکەین لەسەر دابەشکاریی پۆستەکان".