رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە بەردەڕەش؛ دوو ژینگەپارێز گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بەسەختی بریندارن

دیمەنی شوێنی رووداوەکەی هاتووچۆ و وێنەی ئەو دوو ژینگەپارێزەی گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ

لەنێو سەنتەری قەزای بەردەڕەش رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا، بەهۆیەوە شەش ژینگەپارێز بریندار بوون. گوتەبێژی تەندروستی ئاکرێ دەڵێ "دووانیان گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیان بە سەختی بریندارن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک ئەمڕۆ (سێشەممە 09-01-2024) رایگەیاند، کاژێر 7:30ـی بەیانی ئەمڕۆ لەنێو سەنتەری قەزای بەردەڕەش رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێک و تراکتۆرێکی شارەوانی روویدا، بەهۆیەوە سەرجەمیان بە سەختی بریندار بوون.
 
نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژینگەپارێزەکان رەوانەی تەندروستیی ئاکرێ کراون؛ دووانیان بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە و سێیان کە بە سەختی بریندارن لەژێر چارەسەردان، هەروەها یەکێک لە بریندارەکان رەوانەی تەندروستیی دهۆک دەکرێت." 
 

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ژینگەپارێزانە کارمەندی کۆمپانیای ئێم ئارئێفن کە ئەرکی پاککردنەوەی قەزای بەردەڕەش، شێخان و ئاکرێیان لە ئەستۆیە و بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی جێىەجێکردنی ئەرکی خۆیاندا بوون کاتێک رووداوەکە روویداوە.

 

هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکە بەسووکی بریندارە.