ئافرەتێک لە هەولێر لەلایەن هاوژینەکەیەوە 'هەڕەشەی کوشتن'ـی لێدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئافرەتێک لە هەولێر دەڵێت، لەلایەن هاوژینەکەیەوە هەڕەشەی "کوشتنم لێدەکرێت" و سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە. ئەمڕۆش چووەتە ماڵەوە و هەڕەشەی لێکردووە، پەیوەندی بە پۆلیسی فریاکەوتنەوە کردووە، دوای هاتنی پۆلیس چەکی لە ئەوانیش راکێشا و دەستگیرنەکراوە. بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێریش دەڵێت: فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.
 
'هاوژینەکەم مادەی هۆشبەر دەکێشێت'
 
رۆژی دووشەممە 09-01-2023، ئافرەتێک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت و رووخساری ئاشکرابکرێت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "هاوژینەکەم هەڕەشەی کوشتنم لێدەکات، سکاڵام لەسەر تۆمارکردووە، هێشتا فەرمانی گرتنەکە نەچووە بۆ شوێنی کارەکەی کە پۆلیسە، زۆرجاری دیکە هەوڵی کوشتنی منی داوە و تەقەی لێکردووم. ژیانم لە مەترسیدایە."
 
ئەو ئافرەتە دەڵێت: "جارێک گوتی سوپرایزم بۆت هەیە، منی بردە چیا ویستی لەوێ بە چەکەکەی بمکوژی، من خۆم فڕێدایە خوارەوە و هەموو لەشم برینداربوو و رامکرد. کە هاتمەوە ماڵ، من و چوار منداڵەکەمی لە ماڵ زیندانی کرد." 
 
بەگوتەی ئەو ئافرەتە، چەند جارێک هەوڵیداوە لە رێگەی کەسوکاری هاوژینەکەیەوە کێشەکەی چارەسەر بکات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، کێشەکە چارەسەر نەبووە: "هاوژینەکەم بە گوێی کەسوکارەکەی ناکات."
 
ئەو ئافرەتە دەڵێت، هاوژینەکەی مادەی هۆشبەریش دەکێشێت: "هاوژینەکەم کە دەچووە سەربان و تەوالێت بە کاژێر دەمایەوە، شووشەیەکی باریک لەگەڵ کیسێک کە تۆزی سپی تێدایە پێیەتی. بەهیچ شێوەیەک خەوی نییە و گومانی زۆرە لە هەموو شتێک، تەنانەت هێلیکۆپتەر بەسەر ماڵمان دەڕوات دەڵێت، تۆ دەستت لەگەڵیدایە."
 
وەک هەڕەشەلێکراو باسیدەکات، لە 26-11-2022 هاوژینەکەی دەستڕێژیی گولـلەی لە ماڵ کردووە. "تەلەفۆنم بۆ 104 کرد هەشت ئۆتۆمبێل هاتن، بەڵام دەستگیریان نەکرد و رۆیشتن، ئەمڕۆش هاتەوە سەر ماڵ بە چەکەوە، دوای هاتنی پۆلیس، چەکی لە پۆلیسیش راکێشا و دەستگیرنەکرا، ژیانم لە مەترسیی دایە داوا دەکەم کێشەکەی منیش وەک کێشەی کوشتنی رەهای لێنەیەت."
 
'کەسوکاری رەها هیچ سکاڵایەکیان لە تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان تۆمارنەکردووە'
 
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: بەر لە هاتنم بۆ بەرنامەی بەرپرسیار، قسەم لەگەڵ ئەو ئافرەتە کرد کە هەڕەشەی لەسەرە، ئێستا ژیانی سەلامەتە و لە شوێنێکی سەلامەتدایە، فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بەزووترین کات دەستگیری بکەن.
 
پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی 06-01-2023، کچێکی 15 ساڵ بە ناوی رەها دوای ئەشکەنجەدانی لەلایەن باوکییەوە لە هەولێر گیانی لەدەستدا. جیهان یاسین کە دایکی رەهایە و لە ساڵی 2007 ژیانی هاوژینیی لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا پێکهێناوە، پێشتر بە رووداوی گوتبوو پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 119ەوە کردبوو، کەچی وەڵام نەدراوەتەوە، بەڵام پۆلیس ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
هێڵی گەرمی ژمارە 119ـی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە خۆڕایی بەردەستە.  
 
عەقید سەفین تاهیر دەڵێت: "هێڵەکە کۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، ئەگەر ئەو کەسەی کە پەیوەندی دەکات سەرەتا دوو دەنگی کوردی و عەرەبیی تۆمارکراو وەڵامدەداتەوە، تۆزێک چاوەڕێ دەکات تاوەکو کارمەندی هێڵەکە وەڵام دەدەنەوە. هەموو پەیوەندییەک بە بەردەوامی لە 24 کاژێر وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام لەوانەیە ئەو کەسەی کە پەیوەندیی کردووە چاوەڕێی نەکردووە تاوەکو کارمەندی هێڵ وەڵامبدەنەوە. نازانین ئەو ئافرەتە لە چی رێککەوتێک پەیوەندی کردووە، پێم باشە رۆژێک سەردانمان بکات لە بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر بۆ ئەوەی بزانین و رێککەوتەکەمان پێبڵێت بۆ ئەوەی لە سیستم سەیری بکەین و بزانین پەیوەندی کراوە."
 
لە هەولێر دوو نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هەیە، نووسینگەی قەڵا لە گەڕەکی مهاباد و نووسینگەی منارە لە گەڕەکی نووسەرانە. عەقید سەفین گوتی: "نازانین ئەو ئافرەتە [دایکی رەها] بۆچی گوتوویەتی، تووندوتیژی موفتی، نووسینگەمان لە گەڕەکی موفتی نییە، دەبێت لەو کەسە بپرسن ئایا چووەتە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی؟ یان بنکەی پۆلیس؟"
 
 
بەگوتەی عەقید سەفین تاهیر: باوکی رەها لە ساڵی 2019 تاوەکو 2022 کۆمەڵێک فایلی لەسەر هەیە. دوایین دۆسیەی باوکی رەها لە 2022 هەواڵدەرێک پەیوەندی دەکات لەسەر بەکارهێنانی تووندوتیژی باوکێک بەرامبەر منداڵەکانی، دوای پەیوەندییەکە تیمەکانیان بەدواداچوونیان کرد، ئەو منداڵە هێنرایە بەرامبەر دادوەر، دانی بەوەدانا کە باوکی تووندوتیژی بەرامبەر ناکات. دوای گوتەکانی، دادوەر داوای نوێنەری چاودێری ناکامەکانی کرد و نوێنەرەکە گوتی؛ لە کاتی ئێستا هیچ تووندوتیژییەک بەرامبەر منداڵەکە ناکرێت، بۆیە داوادەکەین بەو شێوازە سەیربکرێت کە خێزانەکە پەرتەوازە نەبن. رەها نەیگوت، باوکم تووندوتیژیم بەرامبەر دەکات.  
 
"باوکی رەها شتێکی دەخوارد و بێهۆش دەبوو" 
 
ساکینە عومەر، پووری رەها لە بەرنامەی بەرپرسیار باسی رۆژی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "چوار رۆژ پێش ئێستا لە نەخۆشخانە دەرچووم، رۆژی رووداوەکە هەینی بوو، باوکی رەها زۆر خراپ بوو، ئەشکەنجەی دەداین بەبێ هۆ، بە چەک لێی دەداین، بڕیار پێنجشەممان شتێکی دەخوارد و هیچ ئاگای لەخۆی نەدەما. نزیکەی دوو ساڵە دۆخی وایە."
 
پووری رەها دەڵێت: باوکی رەها "پێشتر پۆلیس بوو لە کەورگۆسک، ماوەیەکی زۆرە دەستبەرداری کارەکەی بووە، پێش رووداوەکە کەمێک کاری لە موەلیدەیەک کرد و وازیهێنا."
 
ساکینە عومەر باسی رۆژی کوشتنی رەها دەکات و دەڵێت، "مۆبایلی لەمن وەرگرت، لوولەی چەکی لەسەر سینگم دانا و نەفەسم نەدەهات، بە دار، چەقۆ، بۆڕی و چەک لە رەهای دەدا تاوەکو کوشتی، هەندێکجار لە کچەکانی دیکەشی دەدا، دوو کچەکەی دیکە لە دەستی رزگاربوون."