لە شرنەخی باکووری کوردستان 18 کەس لە رووداوێکی هاتووچۆدا برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو مینی پاس پێکیاندادا 18 کەس بریندار بوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی 8ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە نزیک گوندی بەستاسۆر روویدا. شۆفێرانی هەر دوو مینی پاسەکە و 16 کەس لە سەرنشینەکانی نێو مینی پاسەکان بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. بریندارەکان لەلایەن تیمی تەندروستیی فریاکەوتنی 112 گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەوڵەت لە ناوەندیی شاری شرنەخ و شارۆچكەی جزیر.
بەگوێرەی زانیارییەکان تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا کە رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکرایەوە، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە؛ لە ئەنجامدا 2,525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300,281 کەسیش بریندار بوون.