کۆمیسیۆن: لە کۆی 41 تانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 28یان رەوانەی دەستەی دادوەری کران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لە کۆی 41 تانە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دراون، 28یان رەوانەی دەستەی دادوەری کراون و لە 10 رۆژدا یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆی 41 تانە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دراون، 28یان رەوانەی دەستەی دادوەری کراون. ئەو 13 تانەیەش کە ماون بەرایین و وەڵامەکانیان ئامادە دەکرێت، لە رۆژانی داهاتوودا رەوانەی دەستەی دادوەرییان دەکەین."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "ئەو تانانەی رەوانەی دەستەی دادوەری کراون لە 10 رۆژدا بڕیاریان لەسەر دەدرێت و یەکلایی دەکرێنەوە. دوای یەکلاییبوونەوەی سەرجەم تانەکان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند دەکات."
31ی مانگی رابردوو، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەو 41 تانەیەی تۆمارکراون 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، 3یان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.
18ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
جگە لە تانەکان، 189 سکاڵاش لەسەر هەردوو دەنگدانى گشتى و تایبەت پێشکێشی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کراون.