بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان روویدا کە گوڕەکەی 5 پلەی رێختەر بووە.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە کاژێر 17:04ی ئەمڕۆ هەینی 08-11-2024 لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان روویداوە.
ئافاد دەڵێت، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 16.22 کیلۆمەتر بووە. تائێستا هیچ زیانێک بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رانەگەیێندراوە.
لە 6ی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا. بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
لە دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتەوە زیاتر لە 20 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری کورستان و تورکیا تۆمارکراون کە گەورەترینیان بەگوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تورکیا بوو.