دەم پارتی: قەیووم دزینی دەنگ و دەستدرێژییە بۆ سەر ویستی هاووڵاتیی تورک و کورد
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان رایگەیاند، دانانی قەیووم پێش ئەوەی دزینی دەنگ و دەستدرێژی بێت بۆ سەر ویستی دەنگدەری کورد، دزینی دەنگ و دەستدرێژییە بۆ سەر ویستی هاووڵاتیی تورک.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024 رێکخستنی دەم پارتی لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان دژی دانانی قەیووم گردبوونەوەی کرد. تولای هاتیمئۆغوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئامەد گوتارێکی پێشکێش کرد و رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت.
تولای هاتیمئۆغوللاری رایگەیاند، "قەیووم واتە کودەتا؛ قەیووم دەستدرێژییە؛ قەیووم دزینی ویستی دەنگدەری کورد و هەموو گەلانی تورکیایە."
تولای هاتیمئۆغوللاری گوتی، "قەیوومی مێردین دەستدرێژییە بۆ سەر مافی تورک، ئەرمەنی، سریانی و کورد. قەیوومی باتمان (ئێلیهـ) دەستدرێژییە بۆ خەڵکی ئەو شارە. قەیوومی خالفەتی دەستدرێژیی راشکاوانەیە بۆ سەر مافی تورکمان و کورد."
هاتیمئۆغوللاری ئاماژەی بەوەش کرد، "قەیووم زەوتکردنی مافی گەلی تورکە، پێش زەوتکردنی مافی کورد و گەلانی دیکەی وڵات. دانانی قەیووم دزینی مافی خۆبەربژێرکردن و هەڵبژاردنە." گوتیشی، "قەیووم کارێکی نایاساییە. ئەم دەسەڵاتە بە دانانی قەیووم، تاوان دەکات. قەیووم وەکو چۆن پێچەوانەی دەستوورە، پێچەوانەی هەموو رێککەوتن و یاداشتنامە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەکانیشە کە تورکیا تێیاندا ئەندامە. قەیووم دزیکردنە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگاکانی ئامەد، وان، ئاگری، جۆلەمێرگ و شرنەخ گردبوونەوەی دەم پارتی هەبوو، ئەوەش بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی دانانی قەیووم بۆ ژمارەیەک لە شارەوانییەکان.
رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2024 قەیووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا. ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی لە رووها دانرا.