دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی نارین گوران؛ داوای زیندانی تاهەتایی بۆ 5 کەس دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی کوشتنی نارین گوران ـی تەمەن هەشت ساڵ رۆژی پێنجشەممە لە دادگەی هەشتی تاوانە قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو، نزیکەی 14 کاژێری خایاند، پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەکە ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی هەشتی تشرینی دووەم دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەکە دەستپێدەکاتەوە و گوێ لە گوتەی تۆمەتباران دەگیرێت.
لە دانیشتنەکەی دوێنێدا هەر چوار تۆمەتبارە زیندانیکراوەکە و دوو شایەتحاڵ گوێیان لێ گیرا. تۆمەتبارەکان ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە کە ئاراستەیان کران.
لەو تۆمەتنامەیەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئامەد ئامادەکراوە، داوای سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ سالم گوران، مامی نارین، یوکسەل ـی دایکی، ئەنەس ـی برای و نەوزاد بەختیار ـی دراوسێیان دەکرێت.
دادگەی هەشتی تاوانە قورسەکانی ئامەد بڕیاریداوە، بێجگە لەو چوار کەسەی کە ئێستا لە زیندانن، 22 کەسی دیکە کە پێشتر لەو دۆسیەیەدا گوتەیان لێوەرگیرابوو بە زۆر بهێنرێنە دادگە. لەنێو ئەو 22 کەسەدا، عارف گوران، باوکی نارین وەک سکاڵاکار و کەسێكی دیکەش کە بەهۆی رووداوەکەوە زیانی پێگەیشتووە لە دادگە ئامادە دەبن.
هەروەها 50 بارۆی باکووری کوردستان و تورکیاش بە سەرپەرشتیی سەندیکای پارێزەرانی تورکیا لە هۆڵی دادگە ئامادە دەبن و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن.
بێجگە لەوە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی دانیشتنی دادگە دەبن.
ئاسۆ کایا یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە و سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپەی ئامەد بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن. هەروەها بەرپرسانی وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیش لە دادگەکە ئامادە دەبن.
نارینی تەمەن هەشت ساڵ رۆژی 21ـی ئابی 2024 لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزانی ئامەدی باکووری کوردستان بێسەروشوێن بوو، رۆژی هەشتی ئەیلوول تەرمەکەی لە تورەگەیەکدا لە رووباری گوندەکەدا دۆزرایەوە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد، نارین گوران خنکێندراوە.