سێ کەس لە هەولێر کەسێک دەکوژن و لە سلێمانی دەستگیردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
سێ کەس لە پارێزگای هەولێر کەسێکی ناسیاوی خۆیان کوشتووە و بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی هەڵاتوون، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، هەرسێکیان لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون.
رۆژی چوارشەممە 08-11-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمەتبارێكی داواكراو لە پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیركرا. ئەو تۆمەتبارە لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بە پێی مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، "ئەو کەسە بە تەنیا نییە. لە دوو رۆژی رابردوویشدا دوو کەسمان دەستگیرکرد. هەر سێکیان خزمی یەکدین و دانیشتووی دارەتوون لە پارێزگای هەولێر و تۆمەتبارن بە کوشتنی ناسیاوێکی خۆیان."
بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە ناوی (هـ. س. ب)ـە و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە. لەكاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیراوە بەسەر چەكێک لە جۆری دەمانچە.
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە هەڵەبجەی شەهید دەستگیرکراوە و ئەوانەی لە دوو رۆژی رابردوودا لە سەیدسادق دەستگیرکران، برا و ئامۆزان.
پۆلیسی سلێمانی لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە ئاگادارکراوەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە. سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، "هەر سێکیان رادەستی پۆلیسی هەولێر دەکەینەوە و لەوێ رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."