گەڕان بۆ نهێنییەکانی نێو مێژوو؛ لە قەڵای هەولێر نووسینی بزماری دەدۆزرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری قەڵای هەولێر بۆ یەکەمین جار کنە و پشکنینی تێدا دەکرێت. دوایین جار ساڵی 2015 و لە دەوروبەری قەڵا کنە و پشکنین کراوە، پەیمانگەی فەرەنسی لە رۆژهەڵاتی نزیک و بەشی شوێنەواری قەڵای هەولێر بە هاوبەشی، 45 رۆژە سەرقاڵی هەڵکۆڵینن و چەند پارچەیەک لە نووسینی بزمارییان دۆزیوەتەوە.
هێژا زاهیر، بەرپرسی شوێنەواری قەڵای هەولێرە و بە رووداوی گوت، "پارچەی زۆر باشمان دۆزیونەتەوە، ئێمە ئێستا لە سەردەمی عوسمانی کۆنین و بەشێک لەو خانووانەی کە دەیبینن نوێن، هەرچی پارچە و خشتمان دۆزیونەتەوە، بە شێوەی ئەکادیمی هەڵمانگرتوون."
پارچە دۆزراوەکان دەبردرێنە پەیمانگەی فەرەنسی کە هەر لەنێو قەڵایە، ئەم پارچەیە نووسینی بزماری لەسەرە و گرنگترین پاشماوەیە کە دۆزراوەتەوە، مێژووەکەی بۆ 500 ساڵ پێش زایین و سەردەمی بابلی نوێ دەگەڕێتەوە.
لەوبارەیەوە، جۆرج ماوماریس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی فەرەنسی لە رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت: "یەکێک لە دۆزینەوە زۆر سەرنجڕاکێشەکان بریتییە لە دۆزینەوەی پارچەیەک [نووسینی بزماری]؛ هەولێر لە زۆر شتی ناوچەی میزۆپۆتامیادا ناوی هاتووە، بەڵام یەکەم جارە پارچەیەکی لەم جۆرە لە قەڵای هەولێر دەدۆزرێتەوە."
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "لەسەر ئەو پارچەیە نووسین هەیە و مێژووەکەی بۆ دووەمین هەزارەی پێش زایین دەگەڕێتەوە؛ ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەین بزانین کە باسی چییان کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمین پارچەیە لە شاری هەولێر دۆزرابێتەوە کە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ یەکەمین وەرزی هەڵکەندنمان. خەریکی هەڵکەندنین؛ دەزانین کە دیوارێکمان هەیە چوار دەوری قەڵای هەولێری داوە. ئێستا خەریکی هەڵکەندنی چینی دووەمی دیوارەکەین کە چواردەورەی قەڵای هەولێری داوە و مێژووەکەی بۆ هەزارەی یەکەم یان دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە."
لە هەڵکۆڵینەکانی سەر قەڵا پاشماوەی زۆر دۆزراونەتەوە کە ئێسک و پروسکیشیان تێدایە، هەوڵی لەپێشینەش ئەوەیە بزاندرێت بۆ کام سەردەم دەگەڕێنەوە. بۆ دەستنیشانکردنیشیان تێچووی زۆری پێویستە؛ بۆ نموونە بۆ هەر ئێسکێک لەنێوان 200 بۆ 300 دۆلاری تێدەچێت.
بەپێی ماستەرپلانی بەشی شوێنەواری قەڵا، حەوت شوێن بۆ کنە و پشکنین دیاریکراون، جگە لە سەنتەر، لە بەرامبەری قەڵاش بە کەڵک وەرگرتن لە وێنەکانی ساڵی 1930 شوێنێکیان بۆ هەڵکۆڵین دیاری کردووە. پشکنینەکان بە قووڵایی چوار مەتر دەبن.
عومەر ئەحمەد، مامۆستای سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران دەڵێت، "لە رێگەی وێنەی سەتەلایتی، ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە شوورەی قەڵا لێرە تێپەڕیوە و ئێمە دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک لەو بوارەدا، چونکە بەڵگەمان هەیە کە بە لانیکەم سێ شوورەمان لە دەورووبەری قەڵا هەبووە."
وەزری دووەمی کنە و پشکنینی قەڵای هەولێر نیسانی ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات. قەڵایەک کە زیاتر لە شەش هەزار ساڵە ژیان تێیدا نەپچڕاوە.
دۆزینەوەی هەر پارچە شوێنەوارێک لە قەڵا و دەورووبەری دەرخەری بەشێکی گرنگی کولتوور و مێژووی کوردستانە، بۆیە پەیمانگەی فەرەنسی دەیەوێت ئەم بەشەی هەولێر وەکو مۆزەخانە و پارکێکی مێژوویی گرنگی لێبێت تا نەوە لە دوای نەوە مێژووی خۆیان بزانن.