دوو سایلۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو سایلۆی نوێ دەکرێنەوە و ساڵی داهاتوو گەنم وەردەگرن. دەشڵێت، کار بۆ کردنەوەی سایلۆیەکی دیکەیش دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو سایلۆی نوێ ئامادەن و ساڵی داهاتوو گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.
یەكێک لەو دوو سایلۆیە نوێیە لە قەزای کەلار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئەوی دیکەش لە ناحیەی رۆڤیای سەر بە پارێزگای دهۆکە.
لە هەرێمی کوردستان هەشت سایلۆ هەن، بە تەواوبوونی ئەو دوو سایلۆیە، ژمارەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەبنە 10 سایلۆ، بەڵام هیچ کام لەو سایلۆیانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نین. نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی سایلۆ لە هەڵەبجەش بکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی کردنەوەی ئەو سایلۆیانەی کرد و گوتی: "سایلۆ دروستکردنی ژیرخانی ئابوررییە و بۆ ئاسایشی خۆراک زۆر گرنگە، ئەو سایلۆیانە رۆڵیان دەبێت لە هەڵگرتن و پاراستنی گەنمی جووتیاران."
سەبارەت بە توانای سایلۆکانیش، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "سایلۆکان بڕی جیاواز گەنم هەڵدەگرن بە گشتی سایلۆی هەولێر توانای هەڵگرتنی تاوەکو 100 هەزار تۆن گەنمی هەیە، سایلۆکانی دیکەش توانانیان لە نێوان 40 بۆ 60 هەزار تۆنە."