لە رووها هونەرمەندێکی کورد دەستبەسەر کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هونەرمەندێکی کورد دوای بەشداریکردنی لە کۆنسێرتێکدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و دوای وەرگرتنی گوتەکانی، ئازاد کرا.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە،7ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی لاوانی رووهای پارتی چەپی سەوز-یەسەپە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "دژی شەڕی تایبەت، خەباتێکی گەورە" لە هۆڵێکی شارۆچکەی خەلیلییە کۆنسێرتێکیان سازدا و هونەرمەند قادر چات بەشداری لە کۆنسێرتەکەدا کرد.
دوای کۆنسێرتەکە هونەرمەند چات، بە بیانووی ئەوەی کە لە گۆرانییەکانیدا "بانگەشەی بۆ پەکەکە" کردووە، دەستبەسەر کرا و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رووها کرا.
ئەو هونەرمەندە بەوە تۆمەتبار کراوە، گوایە بەهۆی چڕینی گۆرانیی "کەمال پیر" ستایشی پەکەکەی کردووە.
کەمال پیر کەسێكی بە رەگەز تورکە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە. رۆژی حەوتی ئەیلوولی 1982 لە 55ـەمین رۆژی مانگرتنی لە خواردن، لە زیندانی ئامەد گیانی لەدەستدا.
قادر چات لە گوتەکانیدا لە ئاسایشی روها ئاماژەی بەوەدا. پێشتر لە ساڵی 2010 لە رووها و ساڵی 2023 لە ئایدن بەهۆی ئەو گۆرانییەوە گوتەی لێ وەرگیراوە و دۆسیەی لە دژ کراوتەوە، بەڵام لە هەردوو دۆسیەکەدا بڕیاری بێتاوانبوونی بۆ دەرکراوە.
دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رووها و وەرگرتنی راپۆرتی پزیشکی، قادر چات ئازاد کرا.