لەسەر داوای پارێزگاری هەولێر لە ناشڤێڵ رێگە دەدرێت بە بڵندگۆ بانگ بدرێت


رووداو دیجیتاڵ

لەسەر داواکاریی پارێزگاری هەولێر، سەرۆکی شارەوانیی ناشڤێڵ بڕیاریدا لەمەبەدوا رێگەبدرێت موسڵمانان لە بڵندگۆکانی مزگەوتی ناشڤێڵەوە بانگ بدەن.
 
رۆژی هەینی، 08-09-2023، لە کۆبوونەوەیەکی رەوەندی کوردی لەگەڵ شاندی پارێزگای هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانیی ناشڤێڵ و چەند بەرپرسێکی دیکە شارەکە، رەوەندی کوردی داوایان لە پارێزگاری هەولێر کرد، داوا لە بەرپرسانی ناشڤێڵ بکات رێگەبدەن بانگدان لە رێگەی بڵندگۆکانەوە بێت.
 
پارێزگاری هەولێر هەر لە کۆبوونەوەکەدا داواکارییەکەی پێشکێش بە سەرۆکی شارەوانیی ناشڤێل کرد و سەرۆکی شارەوانییەکە داواکەی پەسەند کرد.
 
 
حەوت مزگەوت لە شاری ناشڤێل هەن و یەکێکیان لە دەستی کوردە. 
 
دوای ئەوەی داواکارییەکەی پارێزگاری هەولێر پەسند کرا، موسڵمانانی ناشڤێڵ لە سەنتەری سەلاحەدین لەگەڵ شاندی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو بەیەکەوە نوێژی هەینییان کرد.
 
پێشتر لە ناشڤێڵ تەنیا لەنێو مزگەوتەکان و بەبێ بڵندگۆ رێگە بە بانگدان دەدرا، بەڵام ئەمڕۆ بە بڵندگۆ لەو شارە بانگی نیوەڕۆ درا.