لە شنۆ 121 قوتابی بڕوانامەی زمانی کوردییان وەرگرت


رووداو دیجیتاڵ

لە شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری خولی فێرکردنی زمانی کوردی کۆتاییهات و بڕوانامە بەخشرایە 121 فێرخواز.
 
رۆژی پێنجشەممە، 07-09-2023، لە شنۆ رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولەکانی فێرکردنی زمانی کوردی لەنێو شار و شەش گوندی ئەو شارە لە هۆڵی فەرمانگەی کولتووریی ئەو شارە بەڕێوەچوو. 
 
خولەکە لە لایەن ناوەندی زانستپەروەری بۆ ژیان بەڕێوەچوو و تێیدا 121 فێرخواز لەنێو شاری شنۆ و گوندەکانی دێشەمس، باڵاگیر، سینگان، کانی سۆرک، خوریشت و شێخان بەشداربوون و بڕوانامەی بەشداربوون لە قۆناخی یەکەمی فێربوونی زمانی کوردییان پێبەخشرا.
 
لەو خولەدا کە لە چەند شوێنی جیاواز بەڕێوەچوون، 12 مامۆستای زمانی کوردی کۆرسەکانیان بەڕێوەبرد. لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولەکاندا، خەڵاتی رێزلێنان پێشکێشی ئەو مامۆستایانە کرا.