هەپەگە داوای بریندارەکانی هێرشە درۆنییەکەی خەلیفان لە پارتی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە داوای رادەستکردنەوەی بریندارەکانی هێرشە درۆنییەکەی سنووری خەلیفان لە پارتی دەکات.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە رۆژی چوارشەممە حەوتی ئەیلوولی 2022 راگەیێندراوێكی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، رۆژی پێنجی ئەیلوولی 2022 لە دۆڵی بالیسان لەلایەن فڕۆکەی چاودێرییەوە هێرش کرایە سەر تیمێکی گەریلای پێنج کەسی. لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ گەریلا شەهید بوون و دووانەکەی دیکەش بریندار بوون.
 
هەپەگە دەڵێت، ئەو تیمە پێنج کەسییە لە ناوچەیەکی دیکە دەچوونە ناوچەیەکی دیکە لە دۆڵی بالیسان لە نزیک گوندی تاراوە لە لایەن فڕۆکەی چاودێرییەوە هێرشیان کراوەتە سەر. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی پەکەکە، ئەو پێنج گەریلایە پێکهاتوون لە رێزان بۆتان، ئارمانج زیلان، کارۆ کۆبانێ، ئاشیکار جۆلەمێرگ و زانیار تاڤێ. بەپێی زانیارییەکانی ئەوان سێ لەو گەریلایانە "شەهید بوون". دووانەکەی دیکەش بریندارن، کە بە گوتەی پەکەکە هێزەکانی پارتی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوو بریندارەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
 
هەپەگە پێیوایە ئەو پێنج گەریلایە لە "رێگەی سیستەمی هەواڵگری و بەشێوەیەکی رێکخراو" چاودێری کراون، چونکە ناوچەکە ناوچەی گەرمی شەڕ نییە.
 
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا داوای لێکۆڵینەوە و یەکلاییکردنەوەی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "ئەو زانیارییانەی هاوڕێ بریندارەکانمان لەبارەی رووداوەکەوە بیدەن، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی چۆنێتیی روودانی رووداوەکە."
 
بەپێی راگەیێندراوی پەکەکە، ئەو دوو بریندارە لەلایەن "هێزەکانی پارتی"یەوە بردراون، بۆیەش داوای چارەنووسیان لە پارتی دەکات و دەڵێت: "هەرچی زووە بۆمان بگەڕێندرێنەوە". 
 
(رووداو) پەیوەندی بە بەرپرسانی ئیداری سۆرانەوە کرد، بەڵام بە پاساوی ئەوەی بابەتەکە ئەمنییە، ئامادە نەبوون قسەی لەسەر بکەن.