ئاگر لە دارستانەکانی چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر لە دارستانەکانی چەندین ناوچە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. ژینگەپارێزان داوای هاوکاریی بەپەلە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەکەن.
 
لە مەریوان ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی قامیشڵە و قەڵای مەریوان کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئابی 2024ـەوە ئاگر لە دارستانەکانی گوندەکانی گاگل، قامیشڵە و ناوچەی قەڵای مەریوان کەوتەوە و هەر زوو تەشەنەی کرد. دوای 48 کاژێر لەلایەن ژینگەپارێزانەوە بە هاوکاری خەڵکی خۆجێی کوژێندرایەوە، بەڵام دوای تەنیا چەند کاژێر دووبارە سەریهەڵدایەوە.
 
ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە کرد بەپەلە بەرەو شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە بڕۆن و هەوڵی کوژاندنەوەی بدەن.
 
خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزانی خۆبەخش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بیکوژێننەوە.
 
دارستان و لەوەڕگەکانی شاخەکانی سەلاسی باوەجانیش هەفتەیەکە دەسووتێت، چوارشەممەی رابردوو، 31ی تەمووزی 2024، ئاگرەکە لە چیاکانی ناوچەی دڕێ دەستیپێکردەوە و دوای چوار رۆژ کوژێندرایەوە، بەڵام لە رۆژی دووشەممە، 5ی ئابی 2024ـەوە ئاگرەکە کڵپەی کردووەتەوە و رووبەرێکی زۆری ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان بە کەرەستەی سەرەتایی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن. ژمارەیەک لە ژینگەپارێزان لە شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان چوونەتە سەلاسی باوەجانی و هاوکاری خەڵک و ژینگەپارێزانی ئەو شارە دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
 
فەرامەرز باوەندپوور، قایمقامی سەلاسی باوەجانی دەڵێت، لە ئاگرکەوتنەوەی ئەم جارەدا ئاگر لە رووبەری 100 هێکتار کەوتووەتەوە، کە 10 هێکتاری دارستانە و 90 هێکتاری لەوەڕگەیە. دەشڵێت، سەرەرای هەوڵەکان، هێشتا نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
 
بە گوتەی باوەندپوور، لە ئاگرکەوتنەوەی هەفتەی پێشوودا زیانێکی زۆر بەر 250 هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی ناوچەی دڕە کەوتەوە.
 
لە پارێزگای ئیلامیش ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی ناوچەی بان زەرکەی شاخی کەبیرکووه کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
هووشەنگ تاهیری، قایمقامی دەرەشاری ئیلام دەڵێت، ئاگرەکە لە سنووری شارەکەیان کۆنترۆڵ کرایەوە، بەڵام لە سنووری شاری ئاودانان هێشتا نەتوانراوە بکوژێندرێتەوە.
 
بە گوتەی قایمقامی دەرەشار، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هێلیکۆپتەریان بۆ ناوچەکە ناردووە.
 
لە لوڕستانیش ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی شەهەنشای خوڕەمئاوا کەوتووەتەوە.
 
لوتفعەلی بەیرانوەند، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی خوڕەمئاوا رایگەیاند، ئاگرەکە هۆکاری مرۆیی لە پشتە و بەئەنقەست کراوەتەوە.
 
بە گوتەی لوتفعەلی بەیرانوەند، شەڕی نێوان دوو عەشیرەت هۆکاری ئاگرەکە بووەو دوای ئەوەی لە شەڕی نێوانیاندا کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە، بنەماڵەی کوژراوەکە ئاگریان لە سەرجەم کێلگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی بکوژەکە بەرداوە و دوای ماوەیەکی کورت ئاگرەکە فراوان بووە و دارستانەکانی ناوچەکەشی گرتووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی خوڕەمئاوا دەشڵێت، هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە، بەڵام هەڵکردنی بایەکی بەهێز کارەکەیانی قورستر کردووە.