راوێژکاری سەربازیی نێچیرڤان بارزانی: دەبێت وەزیرێکی یەکێتی بەوەکالەت ببێتە وەزیری پێشمەرگە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە یەکێتی کردووە وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، ئەگەر ئەویش نەبێت، یەکێک لە وەزیرەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت کارەکانی وەزارەتەکە بەڕێوە ببات. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، تیمی یەکێتی دوو ناویان داوەتە حکومەت تاوەکو یەکێکیان بەوەکالەت ببێتە وەزیری پێشمەرگە، بەڵام تائێستا حکومەت وەڵامی یەکێتی نەداوەتەوە.
رۆژی سێشەممە 08-08-2023، بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگۆی بوونی ناکۆکی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە نییە، ئێمە وەکو پارتی کێشەمان نییە و کێشەمان دروستنەکردووە، ئەگەر یەکێتیش کێشەی هەیە ئەوە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوێیە و دەتوانن هەموو گلەییەکانی پێ بڵێن."
لەبارەی واژۆکردنی نووسراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتەوە، بابەکر زێباری گوتی، "لەبەر ئەوەی وەزیری پێشمەرگە لە وەزارەت نییە لە بری ئەو بریکاری وەزارەت کاروبارەکانی رۆژانە بەڕێوەدەبات و نووسراوەکان واژۆ دەکات، ئەوانەش کە دەکرێت ئەوە نییە بڵێت کەسێکی دامەزراندووە یاخود کارێکی نایاساییە ئەوەی کردوویەتی بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی وەزارەتە و دیارە یەکێتیش ئەوەیان پێ خۆش نییە."
بەگوتەی بابەکر زێباری، حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی کاربەرێکەرە بۆیە لە بنەڕەتدا کەس ناتوانێت کاری گەورە بکات ئەوەی دەکرێت کاروباری رۆژانەیە و دەشڵێت: "ئەگەر وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی یاخود وەزیرێکی دیکە بەوەکالەت دەستبەکار بێت ئەوە کێشەکان نامێنن."
لەبارەی گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بۆ کارەکەی، بابەکر زێباری دەڵێت: "داوامان کردووە و زۆر حەز دەکەین بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەمیشە گوتوومانە پێویستە وەزیر بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، ئەگەر ناگەڕێتەوە دەکرێت وەزیرێکی دیکەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی وەزیران بەوەکالەت وەکو وەزیری پێشمەرگە دەستبەکاربێت، چونکە ئێستا ناتوانرێت وەزیری دیکە دابنرێت."
دوای ناکۆکییەکانی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مانگی تەممووزی 2021 گۆڕانکاریی لە هەندێک پۆستی نێوخۆی یەکێتی و حکومەت کرا، یەکێک لەو پۆستە وەزارییانە پۆستی وەزیری پێشمەرگە بوو، کە لە سەرەتای 2020 یەکێتی داوای کرد لە بری شۆڕش ئیسماعیل کەسێکی دیکە دەستبەکاربێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەویست وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییەکانی 2022 دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشکرد و نەگەڕایەوە سەر کارەکەی.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 یەکێتی رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دیاریکرد بۆ شوێنی شۆڕش ئیسماعیل، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی گۆڕانکارییە وەزارییەکان نەخرانە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان.
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: دوو ناومان داوە بە حکومەت تا بەوەکالەت ببێتە وەزیری پێشمەرگە
بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرتووە، لەبارەی کێشەکانیان لە وەزارەت لەگەڵ تیمی پارتی بە رووداوی گوت، "کێشەی زۆر گەورە لە وەزارەت هەن، ئەوانە بە قسەی ئێمەش نا لە راگەیێندراوەکانی ئەم دواییەی هاوپەیمانانیش رەنگی داوەتەوە، ئەو کێشانەش دوای نووسراوێکی بریکاری وەزارەت سەریهەڵدا کە دەڵێت، لەمەودوا بە 57 بە 43 کار دەکەین."
لەبارەی دیاریکردنی وەزیرێک یاخود گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بۆ پۆستەکەی، بەختیار محەممەد گوتی، "لە دوو هەفتەی رابردوو تیمی یەکێتی دوو ناوی بە حکومەت داوە بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرن و بەوەکالەت ببێتە وەزیری پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا حکومەت وەڵامی یەکێتی نەداوەتەوە."
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن، کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.