دوو کەس لە وان بە تۆمەتی قاچاخچیێتیکردن بە کۆچبەران زیندانی کران
رووداو دیجیتاڵ
چوار کەس لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەستبەسەرکران؛ دوو کەسیان بە بڕیاری دادگا بە تۆمەتی قاچاخچیێتیکردن بە کۆچبەران خرانە زیندانەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، هەفتەی رابردوو تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و چوار کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچیێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەرکرد.
رۆژی دووشەممە ئەو چوار کەسە رەوانەی دادگا کران و دادگاش بە تۆمەتی قاچاخچیێتیکردن بە کۆچبەران، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دوو کەسیان دەرکرد.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام چوونی کۆچبەری ئەفغانستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەردەکرێن.