سوننەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەممە دەکەنە جەژنی قوربان


رووداو- هەولێر 

حکومەتی ئێران یەکشەممەی وەک یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد و سبەی شەممەشی نەکردە پشووی فەرمی.
 
دەستەی بەڕێوەبەریی نوێژەکانی جەژن لە ئێران رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە جەژنی قوربانە و لە رۆژمێری فەرمیی ئێرانیشدا ئەو رۆژە کراوەتە پشووی فەرمی، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەبی ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەریگرتووە، سوننەکان سبەی شەممە دەکەن بە جەژنی قوربان.
 
مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ئەو کاتانەی جەژنی سوننە و شیعەکان پێکەوە بەڕێوەناچێت، رێگە نادرێت لە مزگەوتی جامیعەی شارەکان نوێژی جەژن بکرێت؛ هەروەها دەوامی دامودەزگا حکومییەکانیش راناگیرێت و فەرمانبەران چەند کاژێرێک دەچنە دەوام یان دەبێ مۆڵەت وەربگرن بۆ نەچوونە دەوام.
 
بەشێکی گەورەی پارێزگای سنە، باشووری پارێزگای ورمێ و بەشێکی پارێزگای کرماشانیش سوننەن.