ئەو گەنجەی دووکانەکانی لە قەیسەریی هەولێر بوونە خەڵووز: میراتی باوکم بوو، بۆ سووتانی یادگارییەکانی گریام
رووداو دیجیتاڵ
دووبارە فرمێسک لە چاوەکانی ناوەستێت، ئیدریس ئەو گەنجەی سێ دووکانی لە قەیسەریی هەولێر سووتا، دەڵێ گریانەکەم بۆ سووتانی یادگارییەکانی باوکم بوو، ئەگەرنا ماڵی دوونیا هیچ نییە.
هەرسێ دووکانەکانی ئیدریس لە شەوی سووتانی قەیسەریی هەولێر لە پێنجی ئەم مانگە، بوون بە خەڵووز. سێ رۆژە وەکو سەدان کاسبکاری دیکە، خەریکی خاوێنکردنەوەیە تاوەکو لە زووترین کاتدا دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
ئیدریس ئەحمەد بە رووداوی گوت، "کاژێر 9:20ـی شەو برایەکەم تەلەفۆنی کرد و گوتی 'وەرە دووکانەکان سووتاون'، کاتێک گەیشتم، بینیم هەمووان و کاک بارزان قەساب خەریکی خاوێنکردنەوەن. تاوەکو کاژێر 02:00ـی شەو خەریکی خاوێنکردنەوەی بووین، دواتر من بەهۆی دووکەڵی زۆر، لەهۆش خۆم چووم، تاوەکو 05:00ـی بەیانی لە نەخۆشخانە بووم."
ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر شەوی یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، کەوتەوە. بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی دوو مانگ و هەشت رۆژدا.
ئیدریس بەردەوام دەبێت لە قسەکردن و دەڵێت، "ئەم دووکانە لەساڵانی 1975ـەوە لە باوکمان بۆمان ماوەتەوە، بژێویی ژیانی خۆم و براکەم لەسەریەتی. گریانی من بۆ ماڵی دنیا نییە، بۆ باوکمە و ئەو میراتەی کە بۆمانی بەجێهێشتووە، ئێمە دەبێت پارێزگاری لێبکەین."
ئیدریس تەمەنی 37 ساڵە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە. لە دوای تەواوکردنی پۆلی 6ـی سەرەتایی، لە بازاڕی قەیسەری کار دەکات و هەموو هیوا و داهاتووی ژیانی، لەسەر ئەو دووکانانە هەڵچنیوە: "ماڵەکەم فرۆشت بۆ ئەوەی خەرجیی دووکانەکەمانی پێ بکەین."
دراوسێکانی ئیدریسیش سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی دووکانەکانیانن.
باوب و باپیرانی حاجی رزگار لە ساڵی 1968ـەوە لەم بازاڕە کار دەکەن. حاجی رزگار بیلال بە رووداوی گوت "ئەو سێ دووکانە و مەخزەنەکەی سەرەوەیان کە 18 مەترن، هی منە سووتاون و تەنیا مایەکەمان زیاتر لە 30 دەفتەر بوو. سێ رۆژ پێش رووداوەکە کەلوپەلمان هێنابوو، بەڵام ئیدی خوا خۆی دەیدات و خۆیشی دەیباتەوە."
پرۆسەی خاوێنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دەستیپێکردووە، جگە لە خەڵک، تیمەکانی شارەوانی، تیمی خۆبەخشان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانای خەڵکەوە هاتوون.